کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیاو سووریاو تورکیا
وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا، تورکیا، ئێران و سوریا پابەندبوونی وڵاتەکانیان بە "سەروەری سوریا و شەڕی تیرۆر" ڕاگەیاند.
وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا، تورکیا، ئێران و سوریا پابەندبوونی وڵاتەکانیان بە "سەروەری سوریا و شەڕی تیرۆر" بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانییەوە دووپات کردەوە، لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ڕێککەوتن.
«سێرگێئی لاڤرۆڤ» وەزیری دەرەوەی روسیا، «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا، «حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران و «مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا کۆبوونەوەو دوای کۆبونەوەکەش لە بەیاننامەیەکدا باسیان لەوەکردوە، کە جێگرەکانیان ڕادەسپێرن بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیرانی دەرەوەی ئەم چوار وڵاتە رێککەوتون لەسەر ڕاسپاردنی بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و هەواڵگریی ھەر چوار وڵاتەکە.
ئەوەشخراوەتەڕو، "وەزیرەکان ئەو کەشوهەوا ئەرێنی و بنیاتنەرەیان دوپات کردەوە کە لە ئاڵوگۆڕی بیروڕادا هەبوو، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبون لە پەیوەندییە ئاست بەرزەکان و دانوستانە تەکنیکییە چوارقۆڵییەکان لە ماوەی داهاتوودا.