سوریا پەلاماری ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دەڤەری دیمەشقی بەرپەرچدایەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i424092-سوریا_پەلاماری_ڕژێمی_زایۆنی_بۆ_سەر_دەڤەری_دیمەشقی_بەرپەرچدایەوە
سەرچاوە فەرمییەکانی سوریا شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕایانگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەم وڵاتە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دەڤەری دیمەشقی بەرپەرچ داوەتەوە.
(last modified 2026-02-14T07:05:55+00:00 )
کانونی یه‌که‌م 30, 2023 04:40 Asia/Tehran

سەرچاوە فەرمییەکانی سوریا شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕایانگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەم وڵاتە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دەڤەری دیمەشقی بەرپەرچ داوەتەوە.

هەواڵدەریی فەرمیی سوریا ،سانا، بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سوریا بەرپەرچی مووشەکەکانی ڕژێمی زایۆنی لە دەوروبەری دیمەشق داوەتەوە و زۆربەیانی لەناوبردووە . پێشتریش سانا هەواڵی بیسترانی چەند تەقینەوەیەکی لە دەوروبەری دیمەشقی بڵاو کردبوویەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕژێمی زایۆنی بەجاران هێرشی کردۆتە سەر دیمەشق و ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا و زۆربەی ئەو هێرشانەش لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوریاوە بەرپەرچدراونەتەوە. بەرپرسێکی سەربازیی سوریا بە ئاماژە بەوەی کە دوژمنی زایۆنی دەسدرێژیی ئاسمانیی خۆی بە چەند مووشەکێک لە جەولانی داگیرکراوەوە ئەنجامداوە و هێرشی کردۆتە سەر ژمارێک دامەزراوە لە ناوچەکانی باشووری دیمەشق، وتیشی: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپا موشەکە هێرشبەرەکانی بەرپەرچدایەوە و زۆربەیانی تیابرد. بە وتەی ئەم بەرپرسە سەربازییەی سوریا، ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کاتێکدایە کە حکومەتی سوریا چەندین جار بە ناردنی نامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو هێرشانەی ئیدانە کردووە و خوازیاری کۆتایی پێهاتنیان بووە.