سەرەڕای ڕاگەیندرانی ئاگربڕ؛ تێکهەڵچوونەکان لە سویدە بەردەوامە
سەرەڕای ڕاگەیندرانی ئاگربڕ لە لایەن حکومەتی کاتیی سووریا وێنەکان و ڤیدیوەکان دەریدەخەن کە تێکهەڵچوونەکان لە نێوان هێزەکانی جولانی و دەرووزییەکان لە پارێزگای سوییدا هەروا بەردەوامە
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سویدە، هێزەکانی جۆلانی ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە و دەسدرێژیان کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل و ماڵەکانیان لەو ناوچەیە. هۆزە عەرەبەکانی لاگری جۆلانی دەڵێن، ئامادە نین سویدە بەجێبهێڵن تا کاتێ کە حکومەتی کاتی سوریا و هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی ناوچەکە بگرنە دەس . هاوکات دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، جۆلانی سەرۆکی کاتی سوریا ڕایگەیاند: کشانەوەی حکومەت لە هەندێک ناوچەی سویدە، بووەتە هۆی قەیراناویتر بوونی دۆخەکە هەروەها دەستوەردانی ڕژێمی زایونی و بۆردومانی ئاشکرای باشووری وڵات و دیمەشق بووە هۆی گەڕانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچەی سویدە. ناوبراو وتیشی سوپاسی هۆزەکانی سوریا دەکەین بۆ ئەو هەڵوێستانەی سەبارەت بە ڕووداوەکانی سویدە گرتیانەبەر و داوایان لێدەکەین بەتەواوی پێکدادانەکان ڕابگرن. جۆلانی وتیشی: بێتاوانی خۆمان ڕادەگەیەنین لەهەموو ئەو کوشتار و دەستدرێژیانەی کە لە سویدە ڕوویانداوە. سوریا گوڕەپانی پڕۆژەی جیاخوازانە نییە. حیکمەت ئەلحەجری ڕابەری مەعنەوی دروزیەکانی سوریا لە کاردانەوە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سویدە، ، ڕایگەیاند کە بنکەگەلی پشکنین لە دەرەوەی سنوورەکانی پارێزگای سویدە دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هەر گروپێکی بیانی بۆ ناو پارێزگای سویدە بکەن. هەرهەها هیچ لایەنێک بۆی نییە بچنە ناو گوندەکانی سویدە. ناوەندی چاودێری مافی مڕوڤ ی سووریا هەروەها ڕایگەیاندووە کە ژمارەی کوژراوانی شەڕی سویدە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ٩٤٠ کەس زیادی کردووە.