یەکەم هەڵبژاردنی سوریا لە سەردەمی حوکمڕانی جۆلانی / ئەحمەد شەرع سێ یەکی نوێنەران دیاری دەکات
سوریا سبەی لە حاڵێکدا شایەتی بەڕێوە چوونی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دوای کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد دەبێت کە جۆلانی خۆی سێ یەکی سەرجەم ٢١٠ کورسیی پەرلەمان دەستنیشان دەکات.
حکومەتی کاتیی سوریا بە سەرکردایەتی جۆلانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە هۆکاری گرتنەبەری ڕێکارێکی نوێ و جیاواز بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناسەقامگیریی لەو وڵاتەیە. نەوار نەجمە، وتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوریاش، وتی: هەڵبژاردنەکانی سوریا ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە. بەبڕوای شارەزایانی سوری، هەڵبژاردنە نوێیەکەی سوریا لەژێر دەسەڵاتدارەتتی جۆلانی، هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک نابێ، چونکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سێ دووی نوێنەران لەڕێگەی لیژنە ناوچەییەکانەوە ئەنجامدەدرێت، سێیەکی دیکەی نوێنەرانیش ڕاستەوخۆ لەلایەن جۆلانییەو هەڵدەبژێردرێن. سبەی سوریا لە کاتێکدا شایەتی هەڵبژاردن دەبێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانی جۆلانی تاوانی زۆریان دژی کەمینەکانی عەلەوی و دروزی وڵاتەکەیان ئەنجامداوە و شۆق ئیبراهیم، چالاکوانێکی سووری ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار عەلەوی لەو وڵاتە بوونەتە قوربانیی تیرۆریستانی سەر بە ڕژێمی جۆلانی. لەهەمان کاتدا گرژیی نێوان هێزەکانی جولانی وهێزی کوردی سوریا کە کۆنترۆڵی ناوچە باکورییەکانیان بەدەستە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو توندتر بووە. "نووری شێخۆ"، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنیی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب، ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە جۆلانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێککەوتنەکانی پێشوویان پێشێلکردووە و بە دامەزراندنی زیاتر لە 30 خاڵی پشکنین و زیادکردنی جموجۆڵە سەربازییەکان، ئارامیی ئەو ناوچانەیان تێکداوە. لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پارتی سوریای ئایندە وتی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەم وڵاتە لەلایەن حکومەتی کاتی جۆلانییەوە شەرعیەتی نییە. کۆسەر دۆکو، هاوسەرۆکی پارتی سوریای داهاتوو، ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی "ئەنجوومەنی گەل" کە حکومەتی کاتیی سوریا بەنیازە بەڕێوەی ببات، نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک و بەتایبەتی ژنان ناکات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش شەڕعییەتی نییە.