تەقینەوەی کۆگای چەک لە ئیدلیبی سوریا؛ ٥ کوژراو و ٩ بریندار
تەقینەوەیەکی هەژێنەری لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە باکووری شارۆچکەی کەفەر تەخاریم لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی نۆ کەسی دیکەش.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەرماندەرێتیی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای ئیدلیب ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە تەقینەوەکە لە ئەنجامی چالاکییەکانی یەکێک لە کارگە بچکۆلەکانی نزیکی ئەو کۆگایە ڕوویداوە، هەروەها ژمارێک لە قوربانییەکان تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و هەروەها هەڵمەتەکانی گەڕان و هەڵدانەوەی دارووپەردوو بەردەوامن بۆ گەیشتن بە قوربانییەکان. تەقینەوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە شارە قەراخاوییەکانی سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانییان دژی سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی حکومەتی جۆلانی بەخۆوە بینیوە. لە مانگی جولایی ئەمساڵیشدا، تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی چەکی سەر بە پارتی تورکستانی ئیسلامی لە شارۆچکەی "مەعرەت میسرین" لە باکووری ئیدلب ڕوویدا کە بە هۆیەوە لانیکەم ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ١٢٠ کەسیش برینداربوون.