شەڕی خوێناوی لە حەڵەب ٨ کوژراو و ٥٤ برینداری لێکەوتەوە
لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی سەر بە جۆلانی لە شاری حەڵەب و دەروبەرەکەی تا ئێستا هەشت کەسی مەدەنی کوژراون و ٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوونە .
شاری حەڵەبی سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شایەتی پەرە سەندنی تێکهەڵچوونی قورس لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا بە سەرۆکایەتیی جۆلانی بووە، کە بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە سوورییەکان هەشت کوژراو و پەنجا و چوار برینداری لێکەوتووەتەوە. هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا، دەنگۆی گەیشتن بە ئاگربەس لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سەر بە جۆلانی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو هەوڵەکان بەهۆی بەردەوامبوونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا لە پەلامارەکانیان، بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. هەسەدە لە بەیاننامەیەکی جیادا، وشداری داوە لە حاند ئەوەی کە ئەم کارەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەتوانێ جارێکی دیکە سوریا بکاتەوە بە گۆڕەپانێکی جەنگیی بەربڵاو. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک جەختیشی کرد کە هیچ هێزێکی چەکداری لە ناو شاری حەڵەبدا نییە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بە ئاوارەبوونی نزیکەی ٣٠ هەزار هاووڵاتیی کورد لە شاری حەڵەب، دوای توند بوونەوە و پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزەانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا، خوازیاری وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان بوو.
بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، سوپای سوریا ڕایگەیاندووە کە هێرشی قورس بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و بەنی زەید لە حەلەب دەستپێدەکات. سوپای سوریا داوای لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە کردووە کە نزیکی پێگەکانی هەسەدە نەبنەوە. هەروەها سەرچاوە هەواڵییەکان وێنەگەلێکیان بڵاو کردۆتەوە لە چوونەدەری دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە لە شاری حەلەب و هەڵاتنیان بەرەو ناوچە ئارامەکان . لەهەمان کاتدا هەسەدە وشداری دا لەحاند ئەگەری دەستپێبوونی شەپۆلێکی تازەی هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ئەم گەڕەکانە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ڕێککەوتنی جۆلانی لەگەڵ ڕژێمی زایونی سەبارەت بە دانی بەرزاییەکانی جۆلان بەو ڕژێمە، هێزەکانی سەر بە جۆلانی پەلامارەکانیان دژی کوردەکانی سوریا بە تایبەت لە شاری حەڵەب توندتر و قورستر کردۆتەوە.