نائارامی لە سوریا بەردەوامە؛ شەڕی چەکداری لە لازقییە
بەهۆی بەردەوامیی نائارامی و گرژییەکانی سوریا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان باسی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی جۆلانی و هێزە چەکدارەکانی نەیاری جۆلانی دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە پەراوێزی شاری جەبەلە پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سەر بە ئەبو محەممەد جۆلانی و هێزە چەکدارەکانی نەیاری ڕوویداوە. لەم پێشهاتانەدا هێرشی تۆپخانە لەلایەن هێزەکانی جۆلانی بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری جەبەلە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و لە نێو قوربانیانیشدا چەن ژن دەبیندرێ.
سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریایش ڕایگەیاندووە کە دوابەدوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزەکانی جۆلانی لە بازگەی سەباهیە لە ڕۆژاوای ڕەققە، لانیکەم چوار کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر داعش هەڕەشەی هێرشی لە ڕژێمی جۆلانی کردبوو. هەرچەن هێزەکانی سەر بە جۆلانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شەڕی دژ بە داعش دەکەن، بەڵام جوڵەی ئازادی هەندێک لە کۆنەسەرکردەکانی ئەم گروپە لە ڕەقە بووەتە هۆی نیگەرانی و سەرسوڕمانی بیروڕای گشتی. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوابەدوای پێکدادانەکانی ئەمدواییەی نێوان هێزەکانی جۆلانی و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ژمارەیەکی بەرچاو لە تیرۆریستەکانی داعش و بنەماڵەکانیان توانیویانە لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزە کوردەکان هەڵبێن. شارەزایان پێیان وایە، چڕبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی جۆڵانی و گرووپە کوردییەکان، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە هەندێک لە بنکەکانیان لە ناوچەکە، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ بوژانەوەی شانەکانی داعش؛ پرسێک کە دەکرێت بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە هەژمار بکرێت.