پەیوەندیی تەماویی نێوان هەسەدەو هێزەکانی جۆلانی
سەرباری پابەندبوونی هەسەدە بە ئاگربەس، پەلاماری هێزەکانی جۆلانی بۆسەر بنکەو بارەگاکانی هەسەدە هەروا بەردەوامە.
پاش ئەوەی هەسەدە بڵاوی کردەوە، هێزەکانی بەتەواوەتی پابەندی ئاگربەست دەبن و دەسپێشخەریی هیچ کردەیەکی سەربازیی ناکەن، تەنیا لەوکاتەدا نەبێ ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە بەڵام دوو رۆژە زیندانی ئەقتان لە سنووری رەققە، لەلایەن هێزەکانی جۆلانییەوە گەمارۆ دراوەو خواردن و خواردنەوەی لێبڕاوە، زیندانەکەی ڕەققە نزیک دوو هەزار چەکداری داعشی تێدایە و هێشتا لەلایەن ئاسایشی هەسەدەوە دەپارێزرێت. هەسەدە رایگەیاندووە، لەم هێرشە قورسەدا بە پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراو پەلاماری زیندانی ئەقتان دراوە. هەسەدە هەروەها دەڵێ؛ هەتەشە لەدووی رزگارکردنی گیراوانی داعش لەو گرتووخانەیە. هەسەدە هەروەها ڕایگەیاندووە، گرووپەکانی سەر بە جۆلانی هێرشیان کردووەتەسەر گوندی "تەل بارود" لە باشووری حەسەکە. ئەو دۆخە تەماوی و نادیارە لەکاتێکدایە کە فەرماندەری هەسەدەو جۆلانی ڕێککەوتننامەیەکی چواردە خاڵیان بەناوبژیوانیی ئەمریکا واژۆ کردووەو تام باراکی نوێنەری سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بەمەبەستی دەسوەردان لە کاروباری سووریا وتوویەتی؛ ئەرکی هەسەدە جارێ کۆتایی پێ نەهاتووەو ئێستا دەبێ هەموو شت ڕادەستی جۆلانی بکرێ.