دووبارەبوونەوەی خیانەتی ئەمریکا لە کورد
لەم ڕۆژانەدا و لە جەنگەی چڕبوونەوەی پەلامارەکانی هێزەکانی حکومەتی کاتیی جۆلانی بۆ سەر کوردانی سوریا سەرەڕای ڕاگەیاندرانی ئاگربڕ لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی جۆلانی، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردوە کە ئەو هێرشانە بە گڵۆپی سەوزی حکومەتی ئەمریکا ئەنجام دراون.
دوای هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی کاتی جوڵانی بۆ سەر دوو ناوچەی کوردی حەلەب، واتە ئەشرەفیە و شێخ مەقسود و دواتر بەردەوامی هێرشەکانی ئەو هێزانە بۆ سەر ناوچە کورنشینەکانی تر و کشانەوەی کوردانی سوریا لە هەندێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەشێک لە کوردەکانی سوریا، بە ڕایانگەیاندنی ئەوەی کە ئەمریکا جارێکی دیکە ئەمریکا لە پشتەوە خنجەری لێداون، ڕەخنەیشیان لە سیاسەتەکانی پەیەدە، هەسەدە، مەسەدە، و لایەن و گروپە کوردییەکانی تر گرت کە لە خەیانەتەکەی ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٣ی ئەمەریکا وانەیان نەگرتووە.
پەلامارەکانی حکومەتی کاتی جۆلانی بۆ سەر کوردانی سوریا لە جەنگەی دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا بە نێوەندگیری ئەمریکا، بە قسەی بەشێکی زۆر لە کوردەکانی سوریا، جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە ئەمریکا هەمیشە بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاری کردنی کورد لەگەڵ بەناو هاوپەیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش تەنها فێڵێکی گەورە بووە و لەو ڕۆژەوە کە ئەمریکا پێی ناوەتە سوریا، نەوت و سامانی خەڵکی ناوچەکەی تاڵان کردووە و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانیشدا چەندین جار خیانەتی لە کورد کردووە و پێویست بوو دەسەڵاتداران و بەرپرسانی کوردی سوریا ئەو ئەزموونەی ڕابردوویان کردبایەتە وانەیەک بۆ خۆیان و بۆ جارێکیتر لەلایەن ئەمریکاوە فریو نەدرایەن.
لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە شارەزایانی سیاسیی کوردی سوریا وێڕای ئاماژە بە کاتی دەستپێکرانی هێرشە نوێیەکانی حکومەتی کاتیی جۆلانی، ڕایانگەیاندووە کە هاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکانی کورد و حکومەتی کاتی لە دیمەشق، شاندی حکومەتی کاتیی جۆلانی لە فەڕەنسا، لەگەڵ شاندێکی ڕژێمی زایۆنیش دانوستانیان دەکرد و ئەزقەزا ئەمریکا لە هەردوو دانوستانەکەدا نێوەندگر بوو و گومانی تێدا نییە کە کاربەدەستانی کۆشکی سپی، لە قومارێکی دیکەدا، وێڕای سەپاندنی ئیرادەی ڕژێمی زایۆنی بەسەر حکومەتی کاتیی جۆلانیدا، گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرشەکانی هێزەکانی جۆلانی بۆ سەر کوردی سوریا هەڵکرد. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە؛ سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لە هاودەستبوونی ئەمریکا لەگەڵ ڕژێمی جۆلانی کردووە بۆ پەراوێزخستنی کورد لە سوریا، بە ڕایانگەیاندنی ئەوەی کە ئیتر وادەیان بەسەرچووە و بەکەڵک نایەن.
سەرچاوە ئاگادارەکانیش ئاشکرایان کردووە کە پێشڕەویی خێرای چەکدارانی سەر بە ڕژێمی جۆلان لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی سوریا (هەسەدە)، دەستکەوتێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی پرۆسەیەکی سیاسی بووە لە ئەنجامی کۆبوونەوە نهێنییەکان لە دیمەشق، پاریس و هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی مانگی ژانڤییەدا هاتۆتە ئاراوە. ئەمریکییەکانیش لەم پرۆسەیە ناڕازی نەبوون. ئالدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەیەدەیش دانی ناوە بە بەرژەوەندخوازی و هەلپەرستیی ئەمریکادا.