لێشاوی بەرفراوانی خەڵکی ئاوارە بەرەو کۆبانی؛ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە شارەکەدا نیشتەجێ کران
دوابەدوای هێرشەکانی هێزەکانی جۆلانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نزیکەی 200 هەزار کەس لە زیاتر لە 70 ناوچەی جیاوازەوە پەنایان بۆ کۆبانی بردووە. لە کاتێکدا کە شاری کۆبانی بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکانی هێزەکانی جۆلانی گیرۆدەی کەمبوونی ئیمکاناتە و مەترسی قەیرانی مرۆیی لەسەرە. بەرپرسانی خۆجێیی ئەم شارە ڕایانگەیاند کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە زیاتر لە ٧٠ ناوەند و ناوچەی جیاوازەوە نیشتەجێ کراون.
ئەحمەد خۆجە، یەک لە بەرپرسانی کۆبانی ڕایگەیاند، بە دەستپێکرانی پەلامارەکان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، دانیشتوانی ئەو ناوچانە و شوێنەکانی دیکە کە کەوتنە بەر پەلامار، ناچاربوون ڕوو لە کۆبانی بکەن، و ئاوارەکان لە ئێستادا لە دۆخێکی قەیرانیدان. قوتابخانەکان، زانکۆکان، مزگەوتەکان و هۆڵەکانی زەماوەندگێران، ناوەندەکانی خوێندن و دەیان شوێنی دیکە بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان. تەقریبەن لە هەموو ماڵێکی کۆبانیدا چوار بۆ پێنج خێزان پێکەوە دەژین.
هاوکات پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند کە توندوتیژی دژی کوردانی سوریا جەنایەتی جەنگی دێتە ئەژمار.
پەرلەمانی ئەوروپا بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک سەبارەت بە پێشهاتەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی کوردی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە بەشێک لەو کارانەی لەو ناوچانەدا دژی کوردانی سوریا ئەنجام دراون جەنایەتی جەنگی دێتە ئەژمار و هەر چەشنە تەعامولێکی نێوان یەکێتی ئەوروپا و دیمەشق دەبێت مەرجدار بکرێت بە دەستەبەرکرانی مافەکانی کوردەکان و کەمینەکان و هەروەها پابەندبوونی تەواو بە ئاگربڕ.