رۆحانی: هێرشی ئەمریکا بۆسەر سوریا، بۆ قەرەبووی شکست پێدانی تیرۆریستان بوو
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریا، وتی: ئەو پەلامارە بۆ قەرەبووی شکست پێدانی تیرۆریستان لە سوریادا بوو و ئەوانی بۆ درێژەدان بە تاوانکارییەکانیان لەو وڵاتە، هاندا.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە لە دیمانەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی، بەئاماژە بەوەی کە پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریا لەگەڵ مافە نێودەوڵەتییەکاندا یەک ناگرێ، پێی داگرت: ئەو پەلامارە زەبری وەشاند لە دانوستانەکانی ئاشتی سوریاو بەهێزکردنی گرووپە ڕەشەکوژەکانی لێکەوتەوە.
ناوبراو وتی: هەوڵە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی ناوچە جیاجیاکانی جیهان واپێشان ئەدات کە تیرۆریزم بەقازانجی هیچ وڵات تەنانەت لایەنگرانیشیان نابێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئەگەر لیژنەی نێودەوڵەتی پەیجۆری ڕاستیەکان بەئامادەبوونی وڵاتانی بێلایەن بۆ تاووتوێی پرسی کەڵک وەرگرتن لە چەکە شیمیاییەکان لەسوریا پێک بهێنرێ و ئەنجامەکەی ئەوە بێ کە تیرۆریستان لە چەکئامێری شیمیایی کەڵکیان وەرگرتووە، ئەمریکا چ وەڵامێک بە کۆمەڵگای جیهانی دەداتەوە.
رۆحانی هەروەها لەبارەی داهاتووی سوریا وتی: قەیرانی سوریا لەڕێی سیاسییەوە چارەسەر دەکرێ وخەڵکی سوریا چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆڕ و دانیشتن لەسەر چارەسەریی قەیرانی سوریا، هیوای خواست؛ ئاشتی پاوەجێ لەو وڵاتە جێگیر بکرێ.
سەرۆک کۆماری ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئێران لە قوربانیانی سەرەکیی چەکی شیمیاییە، وتی: ئێران کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لەلایەن هەر تاقم و هەر لایەنێک ئیدانە دەکاو لەسەر ئەو ڕایەیە نابێ لە چەکی شیمیایی کەڵک وەربگیردرێ.