پێشنیاری ئێران بۆ بەڕێ کردنی لێژنەی نێودەوڵەتیی بێ لایەنی پەیجۆڕی راستی بۆ سووریا
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ناوەندی قەدەغەی چەکی شیمیایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری پێکهاتنی لێژنەیەکەی پەیجۆڕی ڕاستی نێودەوڵەتیی بێ لایەن بوو بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی تۆکمە و تەواو و مەیدانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمدواییە لە سووریا و چۆنیەتی گەیشتنی چەکی شیمیایی بە خاکی ئەم وڵاتە ئەنجام بدات.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی ئیرنا؛ "عەلیڕەزا جەهانگیری" باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەم ناوەندەدا لە لاهەی هۆڵندا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو قوربانیی کەڵک وەرگیرانی بەربڵاو لە چەکی شیمیایی لە شەڕی داسەپێندراوی هەشت ساڵەی سەدام دژ بە ئێران، دەکارهێنانی هەرچەشنە چەکی کۆکوژ لە هەر حاڵەتێکدا ئیدانە دەکات.
جەهانگیری ئاماژەی کردە پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعەیراتی حومس لە سووریا و وتیشی: دەکارهێنانی زۆر و زۆرەملی و پەلاماردانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان بە پێی بانگەشە و تۆمەتگەلی نەسەلمێندراو، یەکجار پڕمەترسی، تێکدەرانە و بنپێکەری مافە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکانە.
ناوبراو راشکاوانە ڕایگەیاند: ئەم چەشنە کردەوانە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکاوتر بوونی قەیران لە سووریا و ناوچەکە و بەهێزتر بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریادا.
باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی بە دانە بەر ڕیخنە و گازندەی ژمارێک لە وڵاتان لەبەر ئەوەی کە بە بێ بەڵگە وڵاتانی دیکە تۆمەتبار دەکەن، پێی داگرت: ئێران و ڕووسیا بە شێوەی هاوبەش پێشنووسی بڕیارێک ئاراستەی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن کە لەودا پێشنیاری پێکهاتنی گرووپێکی نێودەوڵەتیی پەیجۆری ڕاستی دراوە.
سوپای ئەمریکا بە بیانووی ساختە و بێ بنەمای کەڵک وەرگرتنی سوپای سووریا لە چەکی شیمیایی لە ناوچەی "خان شێخوون" ی پارێزگەی ئەدلیب هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای ئەم وڵاتە، سەر لە بەیانی هەینیی ڕابردوو (حەوتی ئاپریل) ، لە پاپۆڕە جەنگییەکانیەوە ٥٩ مووشەکی تەقاند بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعەیراتی لە پارێزگەی حومس.