رۆحانی: بە ئەگەری چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کۆ هەنگاو(برجام) ،ئێرانیش هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێ
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: دواڕۆژی سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتەکان، بلیمەتان و جیهانیان پێش بینی نەکراوەو ئەوە، بەرلەهەر شتێک، بەزیانی گەلی ئەمریکایە، چونکە پەیوەندیی پاوەجێ، تەنیا لەسەر بنەمای متمانە بەداهاتوو دێتەدی.
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دوێنێ سێ شەممە لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئێن بسی سی ئەمریکا، بەئاماژە بەوەی کە گفت و لفت و کرداری سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا، گشت بوارە ئەرێنییەکان لەناو دەبات، وتی: بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) ڕێککەوتنێکی جیهانی و بەقازانجی هەمووانەو ئەگەر ئەمریکا لەو پەیمانە بێتەدەر، بەمانای متمانەنەکردنی وڵاتان بەئەمریکایە و ئەو پرسە، باجی قورسی بۆ ئەمریکا دەبێ.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە بەرجام ڕێخۆشکەرە بۆ هاوکارییە سازندەکان لەئاستی جیهاندا، وتی: بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە بەرجام، بارودۆخێکی نوێ دەڕەخسێ ولەو کاتەدا، ئێران بژارەی جیاجیای لەدەستدایە هەتا لەسەر بنەمای پرس وبابەتەکانی، خۆی یەکێکیان هەڵبژێرێ.
ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا، ئێرانی بەقوربانی پەلاماری سەربازی و تیرۆریزم لەناوچەدا زانی و وتی: مووشەک ، هێزی بەرگریی ئێرانەو هیچ پەیوەندییەکی بە بەرجامەوە نییەو لەمەڕ هێزی بەرگریی خۆمان، دانوستان ناکەین.
سەرۆکی دەزگەی بەڕێوەبەرایەتی ئێران، بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە تاران هەردەم نەیاری چێکردنی چەکی ناڤۆکی لەلایەن هەر وڵاتێکەوە بووە، وتی: چەکی ناڤۆکی بەقازانجی ئاسایشی جیهان نابێ و بۆ لەناوبردنی چەکی ناڤۆکی لەجیهاندا، هەموو خاوەنانی ئەو چەکئامێرە دەبێ پێبەندی پەیمانی ئێن پی تی بن.
سەرۆک کۆماری ئێران پێی داگرت: ئێران ئەندامی ئێن پی تی یەو هەموو چالاکییە ئاشتیانە ناڤۆکییەکانی ئێران لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دابووەو تاران پێشوازی دەکا لە ئامادەبوونی پشکێنەران و لەگەڵیاندا تەعامول وهاریکاری دەکات.