بروجردی: سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران بۆتە هۆی تەریک کەوتنەوەی ئەمریکا
"عەلائەدین بروجردی" سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی ئێران و ڤیەتنام شەوی سێشەممە لەدیداری "یونگ چوو لو" Uong Chu Luu جێگری سەرۆک پەرلەمانی ڤییەتنام لە هانۆی پێی داگرت؛ سیاسەتەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرامبەر بە کۆمار ئیسلامیی ئێران بۆتە هۆی تەریک کەوتنی واشینگتۆن لە جیهاندا.
"ترەمپ" هەینی سێزدەی ئۆکتۆبەر بە بێ ئاوڕدانەوە بە هەشت ڕاپۆرتی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە هەر هەموویاندا جەخت کراوە لە سەر پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، رایگەیاند: پێبەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت ڕاست ناکاتەوە. بڕیارێک کە بەرەوڕووی ڕەخنەی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوان لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) بۆتەوە.
زۆرێک لە کاربەدەستانی وڵاتان و تەنانەت کاربەدەستانی ئەمریکاییش رایانگەیاندووە؛ ئەم هەنگاوی ترەمپ دەبێتە هۆی تەریک کەوتنەوەی زیاتر لە ڕابردووی ئەمریکا لە جیهاندا.
جێگری سەرۆک پەرلەمانی ڤییەتنامەیش لەم دیدارەدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وڵاتێکی گرینگ لە ناوچەکە هێنایە ئەژمار و وتی: ڤییەتنام خوازیاری پەرەپێدرانی پێوەندی لەگەل کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها شەوی سێشەممە لەگەڵ ژەنەراڵ "واچانگ ویت" Wachang Whit سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرەڤانی و ئاسایشی پەرلەمانی ڤیەتنام دیداری کرد و لەو دیدار و وتووێژەدا جەختی کرد لە سەر سیاسەتی ستراتژیکی ئێران سەبارەت بە یارمەتی بە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی.
بروجردی ڕایگەیاند؛ ئەگەر یارمەتییەکانی ئێران بە سووریا و ئێراق نەبوایە ئەمڕۆکە ئەم دوو وڵاتە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە تیرۆریستیی و توندڕەوەکاندا بوون.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرەڤانی و ئاسایشی پەرلەمانی ڤیەتنامیش لەم دیدارەدا پێی داگرت: بەهێزتر کردنی هاوکاریی نیوان دوو وڵات کاریگەر دەبێ لە سەر سەقامگیر بوونی ئاشتی و ئاسایشی ناوچە و جیهان.
بروجردی ڕۆژی یەکشەمە بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ڤییەتنام گەیشتە ئەم وڵاتە.