ناڕەزایەتی دەربڕینی باڵوێزخانەی ئێران بەهەڵوێستی بەریتانیا لەمەڕ پەلاماری مووشەکیی یەمەن بۆ سەر ڕیاز
باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ناڕەزایەتی دەربڕینی ئێران بە بەیاننامەی جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆکاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە ئەگەری ئێرانی بوونی مووشەکی بەکارهێنراو لەهێرشی یەمەن بۆسەر ڕیازی ڕاگەیاند.
یەکەی مووشەکیی سوپای یەمەن شەممەی ڕابردوو(چواری نۆڤمبەر) لەوەڵامدانەوە بە تاوانکارییەکانی عەرەبستان، مووشەکێکی بالستیکی گرتە فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لەباکووری ڕۆژهەڵاتی ڕیازی پایتەختی عەرەبستان.
باڵوێزخانەی ئێران لە ئینگلیز ئەمڕۆ هەینی وێڕای ڕەت کردنەوەی ڕاپۆری هاوپەیمانیی سەعوودی دەسدرێژکار بۆسەر یەمەن لەبارەی شووناسی ئێرانیی مووشەکی هاوێژراو بۆ فڕۆکەخانەیەک لە ریاز، ڕایگەیاند: کوشتاری بێ بەزەییانەی ژنان، منداڵان و خەڵکی بێتاوانی یەمەن و لەبەین بردنی دامەزراوە ژێرخانییەکانی ئەو وڵاتە لەماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوو، بەکەڵک وەرگرتن لە چەکئامێرەکانی ڕۆژاوا بۆ وێنە بەریتانیا ئەنجامی گرتووە.
باڵوێزخانەی ئێران لە لەندەن، بەپێداگری لەسەر ڕاگرتنی خێرای کوشتاری خەڵکی بێتاوان و پێویستیی کۆتایی هێنان بە قەیرانی یەمەن پێی داگرت: گەڵاڵەی چواربڕگیی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ساڵی٢٠١٥ کە؛ "ئاگربڕی خێرا"، "ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان"،"وتووێژی یەمەنی-یەمەنی"و"پێکهاتنی حکومەتی گشتداگر"ی لەخۆگرتووە، هەروا بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن، بەنرخەو بۆ کەڵک وەرگرتن دەشێ.
باڵوێزخانەی ئێران لە لەندەن هەروەها داوای لە حکومەتی بەریتانیاو وڵاتانی دیکەی بنێری چەکەمەنی بۆ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی دژە یەمەن، کرد بە پچڕانی یارمەتییە چەکەمەنی و لۆجستیکییەکان بۆ عەرەبستانی سەعوودی و وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانی ، بە جێگیرکردنی ئاگربڕ، هەرچی خێراتر لایەنەکانی تێوەگلاوی شەڕ بۆ گەیشتن بەڕێکارێکی سیاسی بۆسەر مێزی دانوستان بانگهێشتن بکەن.
ئەلیستر برت، یاریدەری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناڤین، بەبۆچوونی خۆی مووشەکی بالستیکی تێگراوی سوپای یەمەن لە فڕۆکەخانەی مەلیک خالید ی ڕیازی عەرەبستانی بە مووشەکی چێکراوی ئێران زانیوە.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لە مارسی٢٠١٥وە هێرشی کردۆتەسەر یەمەن و ئەو وڵاتەی گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی داوە.