ئەمیر حاتەمی: روانگەی ئێران بەرامبەر رووسیا روانگەیەکی ستراتژیکە
وەزیری بەرگریی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: نیگاو ڕوانگەی ئێران بەرامبەر ڕووسیا ڕوانگەیەکی ستراتژیکییەو ئەو ڕوانگەیە هەموو بوارەکان لەخۆ دەگرێ.
سەرتیپ ئەمیر حاتەمی ئەمڕۆ شەممە لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم، لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیاو هۆگریی دوو وڵات بۆ پەرەی پەیوەندییە سەربازییەکان، وتی: نیگای ستراتژیکی ئێران بەرامبەر ڕووسیا جگە لە ڕەهەندو لایەنی سەربازی، رەهەندی ئابووری و سیاسیش دەگرێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئێران وتیشی: کاتێک پەیوەندیی ستراتژیک هەبێت لە نێوان دوو وڵاتدا، ئاسۆیەکی ڕوونیش لەبەردەم دوولایەندا دەبێ.
ئەمیر حاتەمی، سەبارەت بە نیگەرانیی ئەمریکا لە پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و ڕووسیا لە هاوکێشە ناوچەییەکان بۆ وێنە، پرسی سووریا، وتی: ئێران و ڕووسیا لەبواری هاوکارییە سەربازی و بەرگرییەکان، هەنگاوی شیاویان ناوە کە تێیاندا بەرژەوەندیی دوو وڵات لەبەرچاو گیراوە.
وەزیری بەرگریی ئێران سەبارەت بە ئەگەری ئیمزای گرێبەستی نوێ بۆ کڕینی چەکئامێر لەڕووسیا، وتی: پەیوەندیی کڕین و تەنانەت فرۆشی چەکەمەنی لەنێوان دوو وڵاتدا لەئارادایەو ئەو پەیوەندییانە لەچوارچێوەی دابینکرانی بەرژەوەندییەکانی دوو وڵاتدا دەبێ.