ویلایەتی: ئێران بە هەموو تواناوە پشتیوانی ئینتیفازەی فەلەستین دەبێ
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو هێز و تواناوە داکۆکی دەکات لە خەباتگێرانی فەلەستین، ئینتیفازە و هەروەها پشتیوانی ئەو خەڵکە دەبێ کە دژ بە بڕیاری ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە قودس دێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن.
"عەلی ئەکبەر ویلایەتی " شەوی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەل کەناڵی ئەلعالەم و لە کاردانەوە بەو بڕیارەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە قودسی بە پێتەختی ڕژێمی زایۆنی ڕاگەیاند و بە پێداگری لەسەر داکۆکی لێبڕاوانەی ئێران لە ئینتیفازەی فەلەستین وتیشی: ئەو کردەوەیەی ترەمپ هەنگاوێکی شەیتانیی گەورە بووە کە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی ئەوەی بە "بالفۆری ٢" راگەیاندووە.
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیدا بە ئاماژە بەوەی کە وڵاتانی ئیسلامی "بالفۆری ٢"ـیان پێ قەبووڵ ناکرێ، وتی: ژمارێک دەوڵەتی خائینی عەرەبیش کە پشتیان بە بیر و بۆچوونی زایۆنییەکان و داکۆکی لە گەڵاڵەی ئەمریکاییەکان بەستووە، ناچار بوون لە باروودۆخی هەنووکەدا شان بە شانی وڵاتانی ئیسلامیی دیکە ئەو کردەوەیە شەرمەزار بکەن.
ویلایەتی هەروەها پێی داگرت: ژمارێک وڵاتی ئیسلامی بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا پێوەندییان هەیە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیدا و دڵسۆزی فەلەستین و فەلەستینییەکان نین و بەرامبەر بە بەیتولموقەدەس وەکوو قیبلەی یەکەمی موسڵمانان هەست بە نیگەرانی و بەرپرسایەتی ناکەن و لە ڕاستیدا ئەرکی سەرەکی لە لایەن خودی فەلەستینییەکانەوە و بە ئینتیفازە جێبەجێ دەکرێ.
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیدا ڕاشکاوانە رایگەیاند: بەرەی خۆراگری وڵاتانی ئێران، ئێراق، سووریا، لوبنان و گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین لەوان حەماس و بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی ، هەموو بەرامبەر بە زایۆنییەکان و پەرەسەندنی زایۆنیزم ڕاوەستاون و بێ گومان سەرکەوتنی یەکجاری هەر بە نسیبی موسڵمانان دەبێ.