جەھانگیری: ئێران ھیچ بەرتەسکییەکی بۆ پەرە پێ دانی ھاوکاریی بەرەڤانی و سەربازی لەگەڵ پاکستان نییە
جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ وەزیری بەرھەمھێنانی بەرگریکارانەو زانست و تەکنۆلۆژیای پاکستان دا ڕایگەیاند: تاران ھیچ بەرتەسکییەک بۆ پەرە پێ دانی ھاوکاریی بەرەڤانی و سەربازی لەگەڵ ئیسلام ئاباد دانانێت.
ئیسحاق جەھانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ ڕانا تەنویر حسەینRanaTanveer Hussain وەزیری بەرھەمھێنانی بەرگریکارانەو زانست و تەکنۆلۆژیای پاکستان لە تاران دا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ھاوکارییەکانی دوو وڵات دەتوانێ لە ڕووی چارەسەریی گرفتەکانی جیھانی ئیسلامەوە کاریگەر بێت، وتیشی: سیاسەتە ھەڵەکانی ئەمریکاو ڕژێمی زایونی لە ناوچەکەدا بووە ھۆی سەرھەڵدانی تاقمگەلی تیرۆریستی و برەو سەندنی توندئاژۆیی لە ناوچەکەدا.
ئیسحاق جەھانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، پەرە سەندنی بەرھەمھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە ئەفغانستانی بە دیاردەیەکی جێی نیگەرانی زانی و لە سەر پێویستیی ھاوکاریی سێ قۆڵیی نێوان ئێران، پاکستان و ئەفغانستان لە ئاراستەی خەباتی دژی تاقمە مافیایی و تیرۆریستییەکان پێی داگرت.
جەھانگیری وێڕای ئاماژە کردن بە ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و پاکستان بۆ کردنەوەی سنووری فەرمیانەی تازەش، باسی ئامادە بوونی ئێرانی کرد بۆ یەکلایی کردنەوەی گەڵاڵەی ھێڵی بۆریی گازو ھەروەھا دابین کردنی کارەبای پێویستی پاکستان.
ڕانا تەنویر حسەینRanaTanveer Hussain وەزیری بەرھەمھێنانی بەرگریکارانەو زانست و تەکنۆلۆژیای پاکستانیش لەم دیدارەدا وێڕای پێ داگرتن لە سەر ئەمەی کە ھیچ وڵاتێک ناتوانێ لەمپەرێک لە سەر ڕێگای پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان قوت کاتەوە، وتیشی: تاران و ئیسلام ئاباد بەردەوام بە ئاراستەیەک دا ڕۆییشتوون و دەبێ پەیوەندییەکانیان پتر لە جاران بەھێزتر بکەن.
وەزیری بەرھەمھێنانی بەرگریکارانەو زانست و تەکنۆلۆژیای پاکستان وێڕای ئاماژە کردن بە ئاستی نزمی بازرگانی و سات و سەودای تاران و ئیسلام ئاباد لەگەڵ یەکتر، لە سەر پێویستیی ھەوڵدان بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی سات و سەودای بازرکانیی ھەردووک لا جەختی کردو وتیشی: بە سەرنجدانی بواری جۆربەجۆری ھاوکاری، ئاسۆیەکی ڕووناک لە ڕووی ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و پاکستانەوە بەدی دەکرێت.
وەزیری بەرھەمھێنانی بەرگریکارانەو زانست و تەکنۆلۆژیای پاکستان بە پێی بانگێشتنی فەرمیانەی وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەییشتە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.