پێویستیی گرتنەبەری ڕێکارێکی هاوبەش لەلایەن ئێران و ڕووسیاوە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی بایکۆتەکان
باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا جەختی کرد لەسەر پێویستیی گرتنەبەری ڕێکارێکی هاوبەش لەلایەن تاران ومۆسکۆوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا.
مەهدی سەنایی باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا ئەمڕۆ شەممە لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی"تاس"؛ بەئاماژە بەوەی کە ڕووسیاو ئێران کە هەردووکیان کەوتوونەتە بەر سزاکانی ئەمریکا، دەبێ پێکەوە ڕاوێژ و هاوکاریی بکەن، وتی: تاران و مۆسکۆ دەبێ بگەنە ڕێکارێکی دژە گەمارۆی هاوبەش هەتا بتوانن شوێنهاتەکانی بایکۆت وگەمارۆ لاواز و کەم بکەن.
سەنایی لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر هێنانەدی ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی لەنێوان یەکێتی ئابووریی ئورئاسیاو ئێران وتی: دانوستان لەبارەی هێنانەدی ئەو ناوچە ئازادەی تیجاری، لەسەروبەندی تۆکمەکران دایە.
باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا هەروەها بەئاماژە بەوەی کە تاران و مۆسکۆ پێنجەم و شەشەمی مارس دانیشتنێکی هاوبەش ساز دەدەن ، وتی: چواردەیەمین دانیشتنی ئێران و ڕووسیا لەسەر دابین کردنی دراڤیی پرۆژە زەبەلاحەکان، پەرەپێدانی هاوکاری لەمەڕ گواستنەوە، پەرەپێدانی تیجارەتی کارەباو بارودۆخی هەموارکراو بۆ بازرگانیی دوولایەنە.
سەنایی هەروەها ئاماژەی کردە پەیمان شکێنییەکانی ئەمریکا لەمەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکی و جەختی کرد: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرباری ڕەشبینی لەمەڕ هەڵوێستی وڵاتانی رۆژاوایی، لەپرۆسەی دانوستان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەرەوپێش هەنگاوی ناوەو هەڵبەت هەردەم ئەگەری پێشێلکرانی ڕێککەوتنەکە لەلایەن رۆژاواوە، بەتایبەت ئەمریکای لەبەرچاو گرتووە، بۆیە خۆی بۆ هەڵوەشانی ڕێککەوتننامەکە لەلایەن ئەمریکاوە، ئامادە کردووە."
باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا جەختی کرد: بێتوو ڕێککەوتنی ناڤۆکی هەڵوەشێ، ئەمریکا تەریک دەخرێتەوە.