هاوڕەوت بوونی کۆمکاری عەرەب لەگەڵ ئیسراییل و سعوودیا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەکەی لێژنەی چوارلایەنەی کۆمکاری عەرەب (عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین و میسر)ی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوور لە هەر چەشنە ئاوەزمەندی و لۆژیک لێکدایەوە.
"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە کاردانەوە بە بەیاننامەی لێژنەی چوارلایەنەی کۆمکاری عەرەب (عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین و مسر) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و نانەوەی کەشێکی گوماناویی بێ بنەما و خۆتێهەڵقورتاندنی بێ جێ و ڕێ لە مەڕ پێبەندیی ئێران بە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئەوەی لەم بەیاننامەیەدا دژ بە ئێران وتراوە، هیچ بایەخێکی نییە و بە تەواوەتی بە دوور لە ئاوەز و لۆژیکە و ئەوان خاوەنی ئەو شیاوەتییە نین کە سەبارەت بەو پرس و بابەتانە قسە بکەن. ناوبراو ڕاسپێری کرد: باشتر وایە ئەم چوار وڵاتە واز لە چەواشەکاری، دەورگێڕانی تێکدەرانە و قەیران نانەوەی زیاتر لە ناوچەکە و خۆ نواندنی جێی شەرمەزاریی بۆ ڕازی کردنی ڕژێمی زایۆنی بێنن و هەروەها ئەوەش بزانن کە ترساندن لە ئێران سیاسەتێکە کە هیچ دەسکەوتێکی نەبووە و لە مێژە بەرەوڕووی شکست بۆتەوە.
بەیاننامەی دژە ئێرانیی کۆمکاری عەرەب کە بە هۆی گوشارەکانی ڕژێمی زایۆنی بڵاو بۆتەوە باس لەوە دەکات کە ئەم ڕژێمە لە جیاتی ئەوەی ستراتژی تەعامول و وتووێژ بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکانی ناوچە لەوان یەمەن هەڵبژێرێ، ڕێگای بەرەەوڕووبوونەوە و دوژمنایەتی گرتۆتە بەر. ڕژێمی سەعوودی لە کاتێکدا تێدەکۆشی لە هەر تریبون و کۆبوونەوەیەک هاوڕەوت لەگەڵ ڕژێمی ئیسراییل و ئەمریکا لە دهۆڵی ترساندن لە ئێران بدات، کە سیاسەتەکانی ئەم سێ گۆشەیە پاوەجێی و ئاسایشی ناوچەکەی خستۆتە مەترسییەوە. لێژنەی چوارلایەنەی کۆمکاری عەرەب سەبارەت بە مەسەلەیەک قسە دەکات کە هەر لە شیاوەتی ئەم لێژنەیەدا نییە و تەنیا بۆ خۆشخزمەتی کردن بە زایۆنییەکان دژ بە ڕێککەوتنی ئەتۆمنی هەڵوێستی گرتووە. پێش ئەم هەڵوێست نواندنە؛ "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە واشینگتۆن بانگەشەی کرد ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ، ڕێککەوتنێکی خراپە و دەبێ هەڵوەشێتەوە و یان چاکسازیی تێدا بکرێ. ڕێکەوتنی ئەتۆمی، پەیمانێکی نیودەوڵەتییە کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پشت ڕاست کراوەتەوە و تا ئێستایش ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ١٠ ڕاپۆرتی یەک لە دوای یەک، پێبەندیی ئێران بەو پەیمانە ئەتۆمییەی پشت راست کردۆتەوە. لە وەها باروودۆخێکدا ، هەڵوێست گرتنەکانی یەکێتیی عەرەب دژ بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، خۆشخزمەتی بە ڕژێمێکە کە سەدان کڵاڤۆکی ئەتۆمییە و هەڕەشەیەکی پڕمەترسیی دژ بە ئاسایشی ناوچە و جیهان دێتە ئەژمار.
هاوکات هەوڵ بۆ زاڵ کردنی کەشێکی پڕ شک و گومان سەبارەت بە کاریگەریی ئەرێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە ، بەرنامەی هاوبەشی سێگۆشەی تووش ( عەرەبستان، ڕژێمی ئیسراییل و ئەمریکا) لە ناوچەیە کە بەرامبەر بە دەسدرێژکاریی، وێرانی و بەدیهێنانی کارەساتی مرۆیی لە یەمەن و هەروەها پەرە پیدانی تیرۆریزم و توندڕەوی لە ناوچە بەرپرسن. شۆی سیاسیی ئەمریکا، ئیسراییل و عەرەبستان بۆ تێکدەرانە و نگەتیڤ نیشان دانی ئێران لە ناوچە، چەشنێک چەواشەکاری و هەوڵ بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆیان لە سووریا و یەمەنە. دەورگێرانی ئێران لە چوارچێوی پاوەجێی و ئاسایشی پاوەجێ لە ناوچە، بووە هۆی تیاچوونی خەلافەتی درۆینەی داعش لە ئێراق و سووریا.
لە وەها باروودۆخێکدا، سێگۆشەی تووش بە دابەش کردنی ئەرکەکان لە نێوان خۆیاندا لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک هەوڵ دەدەن سیاسەتی ئەرێنیی ئێران کە لە خزمەتی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەیە بخەنە بن کاریگەرییەوە، لە کاتێکدا کە خۆی سەرچاوەی ئاڵۆزی و ناپاوەجێی لە ناوچەکەن.
عەرەبستانی سەعوودی لە کاتێکدا ئێران تۆمەتبار دەکات بە ناردنی چەک بۆ یەمەن، کە شەڕنانەوەی ڕژێمی سەعوودی بە چەکی فەرەنسی، بەریتانیا و ئەمریکایی درێژەی هەیە و یەمەنی کردووە بە پێشانگەیەک لە جەنایەتی جەنگی و جەنایەتی دژە مرۆیی. سەفەری پڕهەرا و هوریای "محەممەد بن سەلمان" شالیاری سەعوودی بۆ لەندەن و ئیدانە کردنی ئەم سەفەرە لەبەر کارەساتی مرۆیی لە یەمەن، باس لە ماک و شوناسی ڕاستینەی سیاسەتی عەرەبستان لە ناوچەکە دەکات و کوتان لە سەر دەهۆڵی ترساندنی لە ئێران ، نابێتە سێبەرێکی ئەمنی سیاسی بۆ ڕژێمی سەعوودی و هاوڕێکانی.