ئەمیر عەبدوڵڵاھیان : ڕیازو تەلەبیب بەنیازی قەیران چێکردنی تازەن
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ، وتیشی: ڕیاز و تەلەبیب بە پشت بەستن بە ئەمریکا کارتۆنییەکەی ترەمپ ، سیاسەتی قەیران چێکردنی تازە لە ناوچەکەیان لە سەردایە.
حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھیان یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ، ڕۆژی پێنج شەممە لە ھەژماری توویتێڕەکەی دا نووسی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوپەڕی دەستەڵاتەوە بەرەڤانی لە ئاسایشتی نیشتیمانی، ئاسایشتی بەکۆمەڵی ناوچەکەو ھاوپەیمانەکانی دەکات.
موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی و داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە واشێنگتۆن وێڕای دووپات کردنەوەی بوختانەکانی دژی ئێران ، بانگەشەی کرد، ئێران ھۆکاری بشێوی و ناھێمنییە لە ناوچەکەدا.
بانگەشەکانی دژی ئێرانیی عەرەبستان و ئەمریکا لە ھەل و مەرجێکدایە کە تاقمە تیرۆریستەکان بە بارەبووی دراڤی و چەکەمەنیی ئەم دوو وڵاتە ، جەماوەری بێ دەرەتانی ناوچەکە لەوانە عێراق و سووریاو یەمەنیان لە خاک و خوێن دا گەوزاندووە.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونییش لە تویتێکدا بانگەشەی کرد کە گوایە ئیسرائیل بە یارمەتیی ترەمپ مۆڵەتی ئەوە نادات کە ئێران دەستی بە چەک و چۆڵی ناڤۆکی ڕابگات.
بانگەشەی ناتانیاھۆ لە بارەی ڕێگرتن لە دەست ڕاگەییشتنی ئێران بە چەکی ناڤۆکی لە ھەل و مەرجێکدایە کە ڕێکخراوەی نەتەوەکان، ئەنجومەنی ئاسایشت و ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ھەتاکو ئێستا گەلێک جار لە سەر ئاشتی خوازانە بوونی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران جەختیان کردووە.
ڕژێمی زایونی وەکوو تاکە ھەڕەشەی بەبڕشتانەی ناوچەکەو تەنیا خاوەنی چەک و چۆڵی ناڤۆکی لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین ، بە ھەبوونی سەدان کڵاڤۆکی ناڤۆکی بەردەوام خۆی لە واژۆکردنی پەیمانی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەک و چۆڵی ناڤۆکی دزیوەتەوەو ماوەی نەداوە بە پشکێنەرانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ھەتا سەردانی دامەزراوە ناڤۆکییەکانی بکەن.