May 15, 2018 08:15 Asia/Tehran
  • سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی: توماری داگیرکەرانی قەدس بەم زوانە هەڵدەپێچرێ

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا بە ئیدانە کردنی توندی بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵوێزخانەکەی بۆ بەیتولموقەدەس و شەرمەزار کردنی جەنایەتەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە، ئەم پیلانە شەیتانییەی بە هۆکاری پتەوتر کرانی یەکێتیی ئۆمەتی ئیسلامی و خێراتر بوونەوەی ڕەوتی هاتنەدیی بەڵێنی هەڵپێچرانی توماری داگیرکەرانی قودسی پیرۆز زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی پارس تودەی؛ سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی شەوی سێشەممە لەم بەیاننامەیەدا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ کردەوەی بێشەرمانە و شەڕاشۆیانەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە بۆ بەیتولموقەدەس و بە ڕەسمییەت ناسرانی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایۆنی کە سووکایەتی بە قیبلەی یەکەمی موسڵمانانە، نەک هەر نابێتە هۆی پتەو بوونی بنچینە لەرزۆکەکانی ڕژێمی زایۆنی و دەستەبەر کرانی ئاسایش بۆ داگیرکەرانی زایۆنی، بەڵکوو شەپۆلێکی نوێی خەباتی دژ بە ئەمریکا و توڕەیی و بێزاریی دژ بە لاگرانی ئەم هەنگاوە بێشەرمانەیە واوەتر لە ناوچەکە هەڵدەستێنێتەوە.

لە بەیاننامەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە "بێگومان داکۆکی بەرەی خۆڕاگری ئیسلامی و گەلانی ئازادیخوازی دژ بە زوڵم  و زۆر لە یارمەتیدانی  گەلی فەلەستین و خەباتگێڕان و موجاهیدانی ئنتیفازەی قودس بەربڵاوتر دەبێ راگەیەندراوە: ئینتیفازەی فەلەستین بە زایۆنییەکان، ئەمریکاییەکان و داکۆیکارانیان ئەوەی نیشان دا، راستیی داهاتوویی مەڵبەندی پیرۆزی فەلەستین، وەدەرنرانی بێ سێ و دووی داگیرکەران و سزادرانی پشتیوانانی ناوچەیی و واوەناوچەییانە.

خەڵکی کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە هاوکات لەگەڵ کرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودسی داگیرکراو و هەروەها لە سەروبەندی ڕۆژی داگیرکرانی قودس (١٥ی مەی) خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ئەم خۆپیشاندانە بە هۆی هێرشی هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی لە خاک و خوێندا گەوزێندرا. هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی لانیکەم ٥٥ فەلەستینییان شەهید کرد و زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسیان بریندار کرد.

ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە وێرای نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی باڵیۆزخانەکەی لە تێلاڤیڤ گواستنەوە بۆ قودس.

ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆڕی گشتیی  نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢١ی دێسەمبەری ٢٠١٧ بڕیارنامەی داکۆکی لە قودسی بە ١٢٨ دەنگی ئەرێنی، ٩ دەنگی نەرێنی و ٣٥ دەنگی بێ لایەن پەسەن کردبوو. بە پێی ئەم بڕیارنامەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان، قودس بە پێتەختی ڕژێمی زایۆنی بە شەرعییەت ناناسێ.

شاری قودس کە مزگەوتی ئەقسا یەکەم قیبلەی موسڵمامانی لە خۆیدایە، بەشی جیانەکراوەی فەلەستین و لە گرینگترین پیرۆزگە سیانەکانی موسڵمانان دێتە ئەژمار.

قودس لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە لە ژێر داگیرکەریی ئیسراییلدایە.

سەرپەیڤ