نوێنەری ئێران لە ئۆپێک: بەرز کردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت لە لایەن عەرەبستانەوە گاڵتەکردن بە ئۆپێکە
نوێنەری ئێران لە لێژنەی هۆکاری ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت (ئۆپێک) گەڵاڵەکەی عەرەبستان لەمەڕ بەرز کردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی خۆی بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیەی بە گاڵتە کردن بە ئۆپێک وەسف کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حسێن کازم پوور ئەردەبیلی" نوینەری ئێران لە لێژنەی هاوکاریی ڕێکخراوی وڵاتانی بنیری نەوت لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە ئاماژە بە ژمارێک ڕاپۆرت سەبارەت بە بڕیاری عەرەبستان بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت، جەختی کرد: بڕیارنامەی کۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئۆپێک، ڕێگا بە هیچکام لە ئەندامانی نادات کە بانتر لەو ئاستەی بۆیان دیاری کراوە نەوت بەرهەم بێنن.
سەد و حەفتا و چوارەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی ئۆپێک لە ڤییەندا ٢٢ی ژوەن کۆتایی هات و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە نەوتییە ڕایانگەیاند ڕێککەوتنی پێشووی ئۆپێک (نۆڤەمبەری ٢٠١٦) سەبارەت بە دابەزاندنی ئاستی بەرهەم هێنان تا ڕۆژانە یەک ملوێن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل هەر وەک خۆی دەبێ بمێنێتەوە.
نوێنەری ئێران لە ئۆپێک بە ئاماژە بە قسەکانی ژمارێک کاربەدەستی ئەمریکایی سەبارەت بە پێویستیی بەرز کرانەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت جەختی کرد: هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە ڕێککەوتنی ئۆپێک بنپێ بکات و بێتوو بە پێچەوانەی ئەوە بجوڵێنەوە، ئەوە لە راستیدا بەو مانایە دەبێ کە کاروباری ڕێکخراوی ئۆپێک لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بەڕێوە دەچێ.
"ڕێک پێری" Rick Perry وەزیری وزەی ئەمریکا دووشەممەی رابردوو وتی: ڕێککەوتن و تەبایی لە کۆبوونەوەی ئۆپێک سەبارەت بە ڕادەی بەرهەم هێنانی وڵاتانی ئەندام بۆ بازاڕی نەوتی جیهان بەس نییە، هەروەها "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکایش ڕۆژی هەینیی ڕابردوو پێش بەڕێوە چوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی ئۆپێک لە تویتێکدا هیوای خواست ئۆپێک ئاستی بەرهەم هێنانی خۆی بەرز بکاتەوە.