ئاب 09, 2018 18:28 Asia/Tehran
  • وەزارەتی دەرەوە بوختانەکانی دانیشتنەکەی جەددە دژی ئێرانی ئیدانە کرد

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی بڕگەکانی بەیاننامەی ١١ بڕگەیی دانیشتنەکەی نوێنەرانی ھەمیشەیی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە جەددەی، بوختانەکانی دژی ئێرانی ئیدانە کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند: نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەر دەرنەکرانی ڤیزە لە لایەن عەرەبستانەوە ھەلی بەشداری کردن لە دانیشتنەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە جەددەیان بۆ ناڕەخسێت و دەرکرانی بەیاننامەگەلی دژی ئێرانی لە ئەنجامی گوشاری عەرەبستانی سەعودی و بە شێوەیەکی ناویژدانمەند و یەک لایەنە ئامادەو بڵاو دەکرێتەوە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتیشی: وڵاتانی شاڵاوبەری سەر یەمەن کە بەرپرسی قەیرانێکی مرۆڤانەی زیاتر لە چەندساڵەو قەڵاچۆی ڕۆژانەی جەماوەری بێ دەرەتانی یەمەنن بە پێشکەوتەترین کەرەستەی کڕدراوی سەربازی و کاول کردنی ژێرخانەکانی ئەو وڵاتەن، بۆ شاردنەوەی دڕندەکارییەکانیان و چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی ناوچەکەو جیھان، دەستیان کردوە بە دەرکردنی بەیاننامەگەلی بێ بایەخ و کەڵکاژۆیی لە دامەزراوەو پێکھاتە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان.

 وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشی داگرت: دەرکردنی بەیاننامەگەلی دوژمنکارانەو کەڵکاژۆیی لە جێ و شوێنی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی، جیا لە بێ متمانەیی دروست کردن لەنێو ئەندامەکانی دا، بەفێڕۆ دانی سەرمایەو بارستاییەکانی وڵاتانی ئەندام و لەخشتەبردنی ڕێکخراوەکە لە پرسگەلێکی بنەمایی ھاوپەیوەند بە جیھانی ئیسلامی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە ھۆی لاواز بوونی جێ و شوێنی ئەم ڕێکخراوەیە لە ئاستی نێونەتەوەییش دا.

سەرپەیڤ