جەلالی: سەعوودییەکان، تەنیا لەهەوڵی پاسادانی کردەوەی نامرۆیانەی خۆیان لە یەمەن دان
سەرۆکی گرووپی پەیوەندییە پەرلەمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پەرلەمانی ئوروپا وتی: سەعوودییەکان پاش کوشت وبڕی ئەم دواییەی یەمەن، تەنیا لەهەوڵی پاسادانی کردەوەی نامرۆیانەی خۆیانن.
کازم جەلالی رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ ژان ئێسلۆبۆرن وەزیری دەرەوەی لوکزامبۆرگ وێڕای دەربڕینی مەخابنی و پەرۆشیی وڵاتەکەی لە کوشت وبڕی منداڵان و پیاوان و ژنانی بێتاوان و بێ پەنا لە یەمەن، وتی: کوشتاری منداڵانی یەمەنی بەڕاست جێی داخ ومەخابنە.
سەرۆکی گرووپی پەیوەندییە پەرلەمانییەکانی ئێران لەگەڵ پەرلەمانی ئوروپا، وتی: بۆ چارەسەریی پرسی یەمەن لە یەکەم هەنگاودا دەبێ کردەی سەعوودییەکان لەو وڵاتە ڕابگیردرێ هەتا پێش بە کارەساتی مرۆیی بگیرێ و پاش ڕاگرتنی کردەی سەربازیی سەعوودییەکان، بارودۆخ بۆ وتووێژ خۆش دەبێ.
جەلالی لە درێژەی قسەکانیدا بەئاماژە بە پرسی سووریاو دانوستانەکانی ئاستانەو ژنێڤ، وتی: هەموو هەوڵی ئێران، ئاشتی و سەقام لەو وڵاتەو جێگیرکرانی هێمنی بۆ خەڵکی سووریا بووە.
جێگری سەرۆکی یەکێتی نێوان پەرلەمانە جیهانییەکان هەروەها بەئاماژە بە دەوری دیپلۆماسی پەرلەمانی لە بەهێزکرانی هاریکاریی نێوان وڵاتان بەتایبەت ئێران ولۆکزامبورگ، وتی: پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دیدار و دیمانە و وتووێژەکان دەتوانێ بوارخۆشکەر بێ بۆ بەهێزکرانی هاوکارییەکانی دوو وڵات لە بوار و کەرتی جیاجیادا.
ژان ئێسلۆبۆرن وەزیری دەرەوەی لوکزامبۆرگیش بەدەربڕینی نارەزایەتی لە کردەی یەکلایەنەی ئەمریکا لە چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: لوکزامبۆرگ و یەکێتی ئوروپا ناڕازین لە پێشێلکرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە.
سەرۆک و ئەندامانی گرووپی پەیوەندییە پەرلەمانییەکانی ئێران لەگەڵ پەرلەمانی ئوروپا بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و کاربەدەستانی پەرلەمانی ئوروپا، سەردانی بروکسلیان کردووە.