شوبات 03, 2019 12:05 Asia/Tehran
  • ساڵحی: هاوکارییەکانی ئێران و ئەورووپا لە پرۆژە ئەتۆمییەکان هەر بەردەوامە

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا لە پرۆژە ئەتۆمییەکان بە باشترین شێوە دەچێتە پێشەوە.

"عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕۆژی شەممە لە پەراوێزی سەردانی پێشانگەی نیشتمانیی دەسکەوتە ئەتۆمییەکدا لە تاران لە کۆڕی هەواڵنێراندا وتیشی: ئەورووپا بڕی ٢٠ ملوێن یۆرۆ بەڵێنمەند بووە بەرامبەر بە دانانی باشترین ناوەندی ئیمنیی ئەتۆمیی ڕۆژاوای ئاسیا لە ئێراندا.

ساڵحی بە ئاماژە بەوەی کە ئێران لە باروودۆخی هەنووکەدا دەتوانێ ڕێئاکتۆری توێژینەوەی داڕێژێ، وتی: بێتوو وڵاتانی دراوسێ هۆگری دامەزراندنی ڕێاکتۆری توێژینەوەیی "ئاوی سووک" بن، دەتوانن لەگەڵ ئێران هاوکاری بکەن.

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران ڕانەوەستاوە وتیشی: هاوکاری لەگەڵ ئەورووپا لە بواری تەکنیکیەوە زۆر باش دەچێتە پێشەوە و تەنانەت هەندێ لە پرۆژەکان لە لایەن ئەورووپاییەکانەوە لە ئێراندا جێبەجێ دەکرێ.

ساڵحی بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و ئەورووپا لە بواری سیاسی و مافەوانیدا هەندێ ناکۆکی لە بیر و ڕایان بەدی دەکرێ، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەروووپاییەکان چاوەڕوانی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئێرانیش بیر و بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام دوو لایەن لە ئاراستەی سیاسیدا دەچنە پێشەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هەروەها سەبارەت بە مێکانیزمی دراوی ئەورووپا ناسراو بە INSTEX وتی: ئەورووپاییەکان لە بواری ئابووریشدا هەنگاوی هیوابەخشیان هەڵگرتووە.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا، پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە لە "بۆخارێست"ی پێتەختی ڕۆمانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند؛ کەناڵی دراویی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە "ئینستێکس" INSTEX بە شێوەی فەرمیی وەڕێخراوە.

"ئینستێکس" INSTEX کورت کراوەی Instrument in Support of Trade Exchanges بە مانای "ئامرازی پشتیوانی سات و سەودای بازرگانی"ـە.

 

سەرپەیڤ