زەریف: شەڕو دانوستان چ بە پێش مەرج و چ بەبێ پێش مەرج پێکەوە یەک ناگرنەوە
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: تیرۆریزمی ئابووریی ترەمپ دژی ئێران سێرەی بۆ شارومەندانی بێ دەرەتان گرتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای بڵاو کردنەوەی گرتەیەک لە دایکێکی ئێرانی کە لە بەر بایکۆت و تیرۆریزمی ئابووریی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانێ لاقی دەستکرد بۆ منداڵەکەی دابین بکات، نووسی: تیرۆریزمی ئابووریی دژی ئێران شارومەندانی بێ دەرەتانی کردووەتە ئامانج، ھەر وەک ئەم منداڵەی کە دایکە دڵشکاوەکەی لەبەر گەورە بوونی پێی ناکرێ لاقێکی دەستکردی تازەی بۆ بکڕێت.
لە درێژەی نووسراوەکەی زەریف دا ھاتووە: ئەمانە بایکۆت کراون و ئەمە شەڕی ئابووریی داناڵد ترەمپە و بێ گومان شەڕو دانوستان چ بە پێش مەرج و چ بەبێ پێش مەرج پێکەوە یەک ناگرنەوە.
داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ھەشتەمی مای وێڕای دووپات کردنەوەی بوختانگەلی بێ بنەمای دژی ئێران، کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ڕاگەیاند. ئەم ھەنگاوەی ناوبراو لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە.
ترەمپ سەرباری ئەوەی کە ئەم ڕێککەوتنەی وا لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە پەسەند کراوە، پێشێل کردووە، لەم دواییەدا بە ڕووکەشێکی چەواشەکارانەوە ڕایگەیاندووە کە ئامادەی دانوستانە لەگەڵ ئێران دا بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی تازە. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو وتانەی داناڵد ترەمپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە: پێشنیاری دانوستان لەگەڵ ئێران لە لایەن داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە لە ھەل و مەرجێکدا دەکرێت کە دەوڵەتی ئەمریکا بەبێ ھیچ جۆرە پاسایەکی گونجاوو بە پێچەوانەی تەواوی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام کشاوەتەوەو بایکۆتەکانی نادادگەرانەی خۆی ھەمیسان بە سەر گەلی ئێراندا سەپاندووەتەوە.