زەریف : پێشنیاری دیدار لەگەڵ ترامپم قەبووڵ نەکردو بایکۆت کرام
وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بە سەفەری مانگی ڕابردووی بۆ نیۆیۆرک وتی: "لەو سەفەرەدا پێم گوترا ئەگەر پێشنیاری دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا قەبووڵ نەکەم لەماوەی دوو حەوتەدا بایکۆت دەکرێم ."
"محەممەد جەواد زەریف" رۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بەئاماژه بەوەی کە ئەمریکییەکان سەرباری ئیدیعای ئازادیی ڕادەربڕین، هیچ بڕوایەکیان پێی نییە، وتی: دانوستان و دیپلۆماسیی قەت کۆتایی پێ نایەو چالاکییەکانم بەردەوام دەکەم. زەریف هەروەها بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە سەردەمی دیالۆگی زاڵێتی خوازانە، زۆردارانەو بەناوباڵادەستانە کۆتایی پێهاتووە، وتی: ئەمریکا تەنانەت لەو بوارانەدا کە بۆ ژمارێک وڵات دەوری سوپەردەسەڵاتدار دەبینێ، ناتوانێ هاوپەیمانی پێک بێنێ و وڵاتان یەک لەدوای یەک شەرم دەکەن لەوەی ناویان لەپێڕستێکدا لەتەنیشت ناوی ئەمریکادا بێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بەئاماژە بەوەی کە خەڵکی بێتاوانی ئەمریکا گرفتاری کولتوری دەمانچەبەدەستی، زۆرداریی، زۆربێژی و توندوتیژیی هاتوون، وتی: ئەو کولتورەی شەڕ وەک بژارەیەکی سەر مێز باس دەکا، سەرکەوتوو نییەو ئەگەر ئەمریکا دەست هەڵبگرێ لە پێشێلکردنی یاسا، هەموو گرفتەکان چارەسەر دەبێ.
زەریف هەروەها ئاماژەی کردە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پەیمان شکێنی ئوروپاییەکان لە جێ بەجێ کردنی وادەو بەڵێنیەکانیاندا و، وتی: ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هەنگاوی سێهەم هەڵدەگرێ و ئەوەش بەمانای چوونەدەر لە ڕێککەوتنەکە نییە.
سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەروەها ئاماژەی کردە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و بەپێداگری لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس و وتووێژی نێوان ئێران، عێراق و سێ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە، هێنانەدی کۆگەی وتووێژ و دیالۆگی ناوچەیی و ئیمزای پەیمانی دەسدرێژی نەکردنەسەر یەکتری بەپێویست زانی.
زەریف، بەئاماژە بەوەی کە وتووێژ لەقازانجی عەرەبستان، ئیمارات و هەموو وڵاتانی ناوچەیە، پێی داگرت لەسەر پێویستیی دەسپێکرانی وتووێژەکان.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بەئاماژە بەقەیرانی یەمەن پێی داگرت: ڕێگاچارەی یەمەن، وتووێژ و دانوستانە.
زەریف سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاشتیی ئەفغانستانیش وتی: هەر ڕێکارێک دەبێ بەئامادەبوونی حکومەتی ئەفغانستان بێتەئاراوەو ئێران نەیاری ئەوەیە ڕێکارێک لە دەرەوەی ئەفغانستان بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێندرێ.