ڕۆحانی: دانوستانی دوولایەنەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە هیچ کات و ساتێکدا لە ئارادا نەبووە و نییە
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: دانوستانی دوولایەنە لەگەڵ ئەمریکا لە هیچ کات و ساتێکدا لە ئارادا نەبووە و نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی؛ "حەسەن رۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی لێکدانەوەی شیاوەتیی دوو وەزیری پێشنیاری لە "مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، "خۆراگری ناوخۆیی" و "دیپلۆماسیی چالاک"ی بە ستراتژیی دەوڵەتی ئێران هێنایە ئەژمار و وتیشی: دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی دەزانن کە شەڕی داسەپێندراوی ئابووریی ئەمریکا دژ بە ئێران، هەروەک شەڕی داسەپێندراوی سەربازیی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر هیچ دەسکەوتێکی نابێ.
ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ستراتژیی ئێران لەهەمبەر پیلانەکانی ئەمریکا ستراتژیی سەبری شۆڕشگێرانە و تەگبیری ئاوەزمەندانەیە، راشکاوانە ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو ستراتژییە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا تەنیا نەمایەوە و توانی ئەمریکا تەریک بخاتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: ئەمڕۆکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تەنیا ماونەتەوە و گەلی ئێران خۆی لە تەنیشت گەلانی جیهان وە تەنانەت دەوڵەتانی گەورەی جیهان دەبینێ.
ڕۆحانی هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە پاش یەک ساڵ سەبری ستراتژیک، سیاسەتی کەم کردنەوەی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەست پێ بووە، وتیشی: بێتوو ئەوررووپا نەتوانێ بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەجێ بێنێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گومان هەنگاوی سێهەمی خۆی بۆ کەم کردنەوەی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە وڕێککەوتنە هەڵدەگرێ.