ئه‌یلوول 18, 2019 16:31 Asia/Tehran
  • شەمخانی: بەبێ چارەسەریی بنەماکانی قەیران لە ناوچەکەدا ناتوانین ھیوامان بە کەم کرانەوەی ئاڵۆزییەکانی ھەبێت

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران وتی:بەبێ چارەسەریی بنەماکانی قەیران لە ناوچەکەدا ناتوانین ھیوامان بە کەم کرانەوەی ئاڵۆزییەکانی ھەبێت.

«عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە قەیرانی یەمەن ھیچ ڕێگاچارەیەکی سەربازیی بۆ نییە، وتیشی: کۆتایی ھێنان بە سەرچاوەکانی قەیرانی ئێستا، پێویستی بە خواستێکی ناوچەیی و نێونەتەوەییەو ئێران گەلێک جار بۆ یارمەتی دانی کەم کرانەوەی ئاڵۆزییەکان و کۆتایی ھێنان بە شەڕو خوێن ڕشتن لە یەمەن لەگەڵ لایەنە جۆربەجۆرەکان و بەتایبەت چوار وڵاتی ئەورووپی دنوستان و ھاوکاریی کردووە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران وتیشی: دەبێ لایەنە کاریگەرەکان و لەوانە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان جیا لە گوشار خستنە سەر عەرەبستانی سەعودی بۆ چارەسەریی بنەمایی قەیرانی یەمەن، لە تێکڕای بارستاییەکانیشیان بۆ پێشگرتن بە بەردەوامیی دەست درێژکاریی عەرەبستان دژی یەمەن و قەڵاچۆی بێ بەزەییانەی خەڵکی بێ دەرەتانی ئەم وڵاتە کەڵک وەرگرن.

شەمخانی ھەروەھا بە دەربڕینی ئەمەی کە بەرەڤانیی ھەمەلایەنە خەڵکی یەمەن لە بەرامبەر دەست درێژکاریی بیانییەکان مافی ئاسایی و ڕەواو یاسایی خۆیانە، وتیشی: چەک و چۆڵی سوپای یەمەن لە لایەن خۆیانەوە دیزاین و دروست دەکرێت و پاڵ دانی بە وڵاتانی دیکە ھەڵات لە ڕاستییەکانە.

«عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە بوختان ھەڵبەستنی دوژمنان بۆ ئێران سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی یەمەن، پێی داگرت: ئێران بەو پەڕی ئامادەییەوە وەڵامێکی لێبڕاوانە بە ھەر چەشنە نیازو پەلەقاژەیەک لەمەڕ بەزاندنی سنووری وڵات و یان بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە.

 

سەرپەیڤ