کارڤەدانی سەرتیپ حاتەمی بە ئیدیعای دەوری ئێران لە هێرش بۆسەر ئارامکۆ
وەزیری بەرگریی ئێران بەڕەت کردنەوەی بوختان هەڵبەستنی ئەمریکییەکان بۆ ئێران لەسەر دەستتێدابوونی لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستان پێی داگرت: هیچ سەندو بەڵگەیەک لەوبارەوە نەخراوەتە ڕوو و ئەو تەنیا ئیدیعایەکەو بەس.
سەرتیپ"ئەمیر حاتەمی" وەزیری بەرگریی ئێران رۆژی چوارشەممە لەنێو کۆڕی پەیامنێراندا لەبارەی هێرشی هێزە یەمەنییەکان بۆسەر دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆ وتی: تێکهەڵچوونێک لەنێوان عەرەبستان ویەمەندا ڕووی داوەو یەمەنییەکان وەڵامی تاوانکارییەکانی عەرەبستانیان دایەوە.
سەرتیپ حاتەمی بەئاماژە بەوەی کە ئیدیعاکان و تۆمەت پاڵدان لەدژ ئێران ، چ ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە، وتی: عەرەبستان و رژیمی زایۆنی لەسەرەتاوە لەهەوڵی ئەوەدابوون ، ئەمریکا تێوەگلاوی شەڕ و تێکهەڵچوون لەو ناوچەدا بکەن و لە هەر هەوڵێکی جەنگیی لەنێوان عەرەبستان و یەمەنیش هەر ئەو مەنتقە پێوشوێن دەگرن.
وەزیری بەرگریی ئێران بەئاماژە بەوەی کە هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی ئاشتی وئاسایشی ناوچە دەپارێزێ، پێی داگرت: ئەو کارە بەو پەڕی تواناوە ئەنجام دەگرێ و ئەگەر هەڕەشەیەک دژ بەئێران بێتە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی وەک خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی، لێبڕاوانە وەڵامی دەداتەوە.
یەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن رۆژی شەممە لە وەڵامدانەوە بە تاوانکاریی هاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن، بە دە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆماڵی، پاڵاوتگەکانی "بقیق" و"خریس" سەربە بەشگەی نیشتمانیی نەوتیی عەرەبستان "ئارامکۆ"ی پێکا.
پاش ئەو هەڵمەتە، "یەحیا سەریع" وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ هەڵمەتی ناوبراو لە چوارچێوەی مافی ئاسایی و ڕەوای یەمەنییەکان و لە وەڵامدانەوە بە تاوانکارییەکانی هاوپەیمانی دەسدرێژکار و گەمارۆی پێنج ساڵانی یەمەن ئەنجامی گرتووە. بەڵام ئەمریکییەکان بەدووپات کردنەوەی ئیدیعا وبانگەشەی پڕووپووچ لەدژ ئێران، ئیدیعایان کردووە، تاران دەوری بووە لە هەڵمەتی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی یەمەنییەکان بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سەعودی.