ته‌مووز 22, 2020 19:48 Asia/Tehran
  • جەختی زەریف لە سەر گرینگایەتیی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان بۆ بەرنگار بوونەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکاو پاراستنی ئاسایشتی ناوچەکە

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی بۆ بەرنگار بوونەوەی بایکۆتە نایاساییەکانی ئەمریکاو پاراستنی ئاسایشتی ناوچەکە، بە گرینگ زانی.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت، وتیشی: دراوسێکان ڕۆڵی یەکەم لە سیاسەتی دەرەکیی ھەر وڵاتێکدا دەگێڕن، ئەمڕۆکەش کە ئەمریکییەکان خۆیان وتەنی بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، ھەموو جۆرە بایکۆتێکی ملھوڕانە بە سەر گەلی ئێراندا دەسەپێنن، دراوسێکان گرینگایەتییەکی تایبەتی و باڵاتریان ھەیە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر بە گریمانەکان سەبارەت بە نێوەندگریی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نێوان تاران و ڕیاز، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستاندا ئامادە بووە، بەڵام عەرەبستان لە باتی پشت بەستن بە دراوسێیەک کە بۆ ھەتاھەتایە لێرەیە، بەنیازە خۆی بە چەند ھێزێکی بیانی واتە ئەمریکاو ئینگلیس و ئیسرائیل ببەستێتەوە.

زەریف وێڕای ئاماژە کردن بە گەشتەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری خۆی بۆ ڕووسیاش، دانوستانی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتەی بە سودمەند نرخاندو باسی تازەکرانەوەی گرێبەستی تۆکمەی ستراتژیی درێژماوەی کرد لە نێوان ئێران و ڕووسیادا.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەروەھا گەشتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بە ئاڵوگۆڕێکی گریمگی دیپلۆماسی زانی و وتی: وتەکانی ڕۆژی سێ شەممەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمەڕ داکۆکی لە دەوڵەت و دەستەڵات و سەروەریی عێراق گەلێک زوڵاڵ بوو کە دیارە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەتوانێ گریکەرەوە بێت.

زەریف ھیواداریی دەربڕی کە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بتوانێ لەو ڕێنمونییانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ھێزمەند لە عێراق دا کەڵک وەربگرێت.

سەرپەیڤ