ئاب 06, 2020 17:12 Asia/Tehran
  • گەلی لوبنان بە یەکگرتن و پشودرێژی لەم  کارەساتە سەختە دەپەڕنەوە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە دەوڵەت و نەتەوەی ئێران وەک ھەموو جارێک لە تەنیشتی جەماوەری لوبناندا دەمێننەوە، وتیشی: گەلی مەزنی لوبنان بە یەکگرتن و پشودرێژی لەم کارەساتە سەختەش بە سەربەرزی دەپەڕنەوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «میشێل عەون» سەرۆک کۆماری لوبنان، وێڕای ھاودەردی دەربڕین لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوەی لوینان وتی: کارەساتی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت بۆ ئێرانییەکانیش گەلێک پەژارەھێن و خەمناک بوو، جەماوەری ئێران ھاوخەمی گەلی لوبنانن.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: وەزیرانی کاروباری دەرەوەو تەندروستی و دەرمان و ھەروەھا سەرۆکی ڕێکخراوەی مانگی سووری ئێران ئەرکەمد کراون بەوەی لەگەڵ ھاوتا لوبنانییەکانیاندا بە بەردەوامی لە پەیوەندی دابن  ھەتا بتوانن ھەرچەشنە پێداویستی و یارمەتی ویستنێکی جەماوەری وڵاتی لوبنانی دۆست و برامان بە پەلە دابین بکەین.

«میشێل عەون» سەرۆک کۆماری لوبنانیش لەم وتووێژە تەلەفۆنیەدا وێڕای ستایش کردنی ھاودەردی دەربڕینی دەوڵەت و نەتەوەی ئێران لە کارەساتی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، وتی: گەلی لوبنان بەردەوام پێزانی سەرنج و دڵسۆزیی گەل و دەوڵەتی ئێران بووەو ھەشە.

سەرۆک کۆماری لوبنان وتیشی: تاوتوێ کردنی تەواوی ڕەھەندەکانی ئەم کارەساتەو خەمڵاندنی ئاستی زیان و پێداویستی کاتێکی زۆر دەبات، بەڵام مێژووی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دوو گەلی ئێران و لوینان شایەتی لە سەر ئەوە دەدەن کە ھەچکاتێک دەوڵەت و گەلی لوینان پێویستیان بە یارمەتی بووە، گەل و دەوڵەتی ئێران درێخییان لێ نەکردووین و لە قوڵایی دڵەوە ستایشی ھەستی برایانەی ئێرانییەکان بەرامبەر بەخۆمان دەکەین.

سەرپەیڤ