زەریف: دەوڵەتی ترەمپ جارێکی تر لە گۆڕەپانی جیھانی دا تەریک کەوتەو ڕیسوا دەبێت
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە نەیارەتییەکانی لە ھەمبەر ھەنگاوەکەی ئەمریکا لە بواری کارا کردنی میکانیزمی پەلەپیتکە، پێی داگرت: جارێکی تر دەوڵەتی ترەمپ لە گۆڕەپانی جیھانی دا تەریک کەوتەو ڕیسوا دەبێت.
«موحەممەد جەواد زەریف»وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ھەینی و داوبەدوای نامەکەی ئەمریکا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشت لەمەڕ کارا کردنی میکانیزمی پەلەپیتکە، لە پەڕەی ئینیستاگرامی خۆی دا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە «مایک پەمپێئۆ» بە خەیاڵی خۆی میکانیزمی گەڕاندنەوەی بڕیارنامە ھەڵوەشاوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی کارا کردووە، نووسی: ھاکات ئێران ھاوڕێ لەگەڵ ڕووسیا، چین، یەکێتیی ئەورووپا، ئاڵمانیاو فەرەنساو بریتانیا لە نامەگەلێکی جیاجیادا ھەنگاوەکەی دەوڵەتی ترەمپیان وەک بابەتێکی نایاسایی، ناکاریگەرو بێ ئەنجام ناساند.
زەریف وتیشی: بەشیمانەی زۆرەوە ئەمڕۆش کۆمەڵێکی تر لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشت ھەڵوێستێکی ھاوچەشن دەگرنە بەر و جارێکی تر دەوڵەتی ترەمپ لە ئاستی جیھانی دا تەریک و ڕیسوا دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: مێژووی ئەنجومەنی ئاسایشت قەت وەھا دۆخێکی بە خۆیەوە نەدیوە.