تشرینی یه‌که‌م 16, 2020 02:36 Asia/Tehran
  • سەرەخۆشی بە بۆنەی ساڵگەڕی کۆچی دوایی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام(ص) و شەھید بوونی ئیمامی حەسەن(ع)

ئێرانی ئیسلامی لە شەوی ساڵگەڕی کۆچی دوایی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام حەزرەتی موحەمەدی موستەفا(ص) و شەھید بوونی حەزرەتی ئیمام حەسەنی موجتەبا(ع) دووھەمین ئیمامی شێعەکانی جیھان نوقمی خەم و پەژارەیە.

سبەینێ ھەینی ٢٨ی سەفەری ١٤٤٢ی کۆچیی مانگی ڕێککەوت لەگەڵ ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی ساڵگەڕی کۆچی دوایی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام حەزرەتی موحەمەدی موستەفا (ص) و شەھید بوونی حەزرەتی ئیمام حەسەنی موجتەبا(ع) دووھەمین ئیمامی شێعەکانی جیھانە.

پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام (ص) ھەتا بەرلە کۆچی دوایی لە ساڵی ١١ی کۆچیی مانگی بەوپەڕی نەرم و نیانی و دڵسۆزییەوە، ئەحکام و بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی بە شێوازی جێی پەسەندو ھاوکات لێبڕاوانەو خەوشان ھەڵنەگر ڕاگەیاندو بۆ برەوپێدان و بڵاوکردنەوەی زانستی لەسەر حەقی دین و جڵەوکێش کردنی بە باشترین شێوە ھەوڵی دا. 

حەزرەتی ئیمام حەسەنی موجتەبا(ع) دووھەمین ئیمامی شێعەکانی جیھانیش کە نزیکەی سی ساڵ لە خزمەتی باوکی مەزنی واتە حەزرەتی ئیمامی عەلی(ع) یەکەم ئیمامی شێعەکانی جیھاندا بوو، لە ڕۆژی ٢٨ی سەفەری ساڵی پەنجای کۆچیی مانگی لە تەمەنی ٤٧ ساڵان دا بە فەرمانی دەستەڵاتدارانی سەردەم و بە ھۆی ھاوسەرەکەی دەرمانداوو شەھید کرا.

ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتنی ساڵگەڕی کۆچی دوایی  پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام حەزرەتی موحەمەدی موستەفا (ص) و شەھید بوونی حەزرەتی ئیمام حەسەنی موجتەبا(ع) دووھەمین ئیمامی شێعەکانی جیھان لە تەواوی موسڵمانانی جیھان سەرەخۆشی دەکات.

سەرپەیڤ