گواستنەوەی ئاوی کەنداوی فارس میراتێکی ھەرماو بۆ ڕۆڵەکانی شۆرەکات
گەڵاڵەی گواستنەوەی ئاوی کەنداوی فارس بۆ پارێزگاکانی کرمان و یەزد، میراتێکی بایەخمەندو ھەرماوە بۆ بەرەکانی داھاتووی ڕۆڵەکانی شۆرەکات نشینە ھەتا ببێتە بناغەیەک بۆ گەشەو ئاوەدان کردنەوەی ئەم مەڵبەندەی نیشتیمان.
پارێزگای پان و بەرین و بەپیتی کرمان بارستایی ئاشکراو نھێنیی زۆری لە بوارەکانی کانزا، کشت و کاڵ، پیشەسازی، گەشتگاری و ھتد... ھەیە کە ئەمەش جێ و شوێنێکی ھەڵکەوتەی بەم پارێزگایەی باشووری ڕۆژھەڵاتی وڵات بەخشیوەو بە ستێنی بۆ گەشەپێدانی ھەمەلایەنەی کرمان خۆش کردووە. بەڵام دیارە مەڵبەندە شۆرەکاتی و نیوەویشکەکەی و کەم بوونی بارین و ویشکەساڵیی ساڵانی ڕابردوو، ئاڵێنگاریی گەورەی کەم ئاویی لەم پارێزگایەدا بەدی ھێناوە کە ئەمەش ھەڕەشەیەکە بۆ کەرتە جۆربەجۆرەکانی کرمان لەوانە پیشەسازی و کشت و کاڵ.
لەم ڕووەوە تەگبیری بەرپرسان بە یاوەری و بەشداریی کەرتی تایبەتی لەمەڕ ڕاپەڕاندن و خستنەگەڕی گەڵاڵەی گواستنەوەی ئاو لە کەنداوی فارسەوە بۆ ئەم پارێزگایە ، ھەنگاوێکە کە بەرھەمەکەی بۆ ساڵان و سەدەکانی داھاتووش دەمێنێتەوە ھەتا تۆرەمەکانی ئێستاو دواتریش بەھرەی لێ وەربگرن.
مەکۆی شیرین کردنی ئاو بە بارستایی ٢٠٠ ھەزار مەتری شەش پاڵو لە ڕۆژێکدا بۆ خواردنەوەو کاری پیشەسازی، ھێڵی بۆریی گواستنەوەی ئاو بە درێژایی ٣٠٥ کیلومەتر، حەوت وێستگەی پۆمپاژ، ١٠ بنکەی کارەبای ٤٠٠، ٢٣٠، ١٣٢ و ٦٣ کیلوڤۆڵت و ١٥٠ کیلومەتر ھێڵی گواستنەوەی کارەباو ٣٣ مەخزەنی باڵانس و پاشەکەوت و بەرپەرچ دانەوەی چەپۆکانی ئاو بە بارستایی ١٨٧ ھەزار مەتری شەش پاڵو بە سەرمایەنانەوەیەکی ١٦ ھەزارو ٣٠٠ ملیارد تمەنی و ڕەخساندنی ھەلی ئیش و کار بۆ ھەزارودووسەد کەس لە لایەن بەرپرسانی نیشتیمانی و دەوڵەتی و کەرتی تایبەتی خراوەتە گەڕ کە دیارە ئەمەش لە ئێستادا ڕەوتی بەرھەمھێنان و کارنانەوەو گەشەناندنەوەی ئابووریی ئەم ھەرێمەی خێراتر دەکاتەوە.
کەوتنەگەڕی ئەم گەڵاڵەیە ھەر لە «ھۆرمۆزگان»ەوە ھەتا «سیرجان» و بەردەوام کردنی پرۆسەی گەیاندن و گواستنەوەی ئاو ھەتا «یەزد» و «ڕەفسەنجان» مۆتەکەی کەم ئاوبوونی پارێزگا شۆرەکاتییەکان لە مەڕ ئاوی خواردنەوەو ھەروەھا بەکارھێنانی بۆ بواری پیشەسازی دەڕەوێنێتەوە.
ئەمەش گەڵاڵەیەکە کە لە بارەیەوە بە وردبینی و تەفەڕنجەوە لە ساڵی ٩٢ی کۆچیی ھەتناوییەوە توێژینەوەی بۆ کراوەو لە ساڵی ٩٥ی کۆچیی ھەتاوییەوە بەردی بناغەکەی ڕۆنراوەو لە ئێستاش دا بەرھەمی چەند ساڵەی چالاکی و شەونخونی و تێکۆشانی ئەندازیارانی نێوخۆیی بە بەشداریی ٢٠٠ کۆمپانیای تایبەتی و کەرتی دەوڵەتی گەییشتووەتە قۆناغی چنینەوە.