تشرینی دووه‌م 30, 2020 14:54 Asia/Tehran
  • تەرمی شەھید «فەخری زادە» لە «ئیمام زادە ساڵح»ی تاران ئەسپەردە کرا

تەرمی پاکی شەھید«موحسین فەخری زادە» زانای ھەڵکەوتەی ناڤۆکی و بەرەڤانیی ئێران دوای بەڕێوە چوونی ڕێ و ڕەسمی بەڕێ کردن و نوێژ خوێندن بە ئامادە بوونی فەرماندەرانی باڵای ھێزە چەکدارەکان و بنەماڵەی بەڕێزی ئەو شەھیدە لە «ئیمام زادە ساڵح»ی تاران ئەسپەردەی خاک کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی «ئێران پرێس»، ڕێ و ڕەسمی ئەسپەردە کردنی «موحسین فەخری زادە» سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، بە مەبەستی پێشگرتن بە قەرەباڵغی و ڕەچاو کرانی ڕێنماییە تەندروستییەکان تەنیا بە ئامادە بوونی فەرماندەرانی ھێزە چەکدارەکان و بنەماڵەی بەڕێزی ئەو شەھیدە بە ڕێوە برا.

بەر لەوەش ڕێ و ڕەسمی بەڕێ کرانی تەرمی ئەو شەھیدە پایەبەرزە بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی و لەشکری لە وەزارەتی بەرەڤانی بەڕێوە چووبوو.

ھەروەھا تەرمی ئەم شەھیدە مەزنە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە دوای گەییشتنی بە «مەشەھەدۆڕڕەزا» لە ڕێگای فڕگەی نێونەتەوەیی شەھید ھاشمی نەژادەوە بۆ تەواف گوێزراوەی بۆ گڵکۆی پاکی ئیمامی ڕەزا(ع).

تەرمی شەھید«فەخری زادە» دوای تەوافی گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) برایە قوم و لەوێش دوای ئەنجام دانی تەوافی گڵکۆی پاکی حەزرەتی مەعسومە(س)، ئایەتوڵڵا نووریی ھەمەدانی لە مەرجەعە تەقلیدە باڵاکان نوێژی بە سەرەوە خوێندو پاشان گوێزرایەوە بۆ تاران و لە گڵکۆی پاکی ئیمام خومەینی(رە) بە ئامادە بوونی ئایەتوڵڵا سەیید حەسەن خومەینی تەوافی ئەم گڵکۆ پیرۆزەشی پێ کراو سەرەنجام لە «ئیمام زادە ساڵح»ی تاران دا ئەسپەردەی خاک کرا.

سەرپەیڤ