کانونی یه‌که‌م 08, 2020 08:06 Asia/Tehran
  • ویلایەتی: بەرخۆدانی گەلی سووریا بووە ھۆی ھێزمەند بوونی بەرەی خۆڕاگری و ڕەوینەوەی پیلانی دوژمنان

ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی وتی: بەرخۆدان و خۆڕاگریی گەلی سووریا بووە ھۆی ھێزمەند بوونی تەوەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا.

«عەلی ئەکبەری ویلایەتی» ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ڕۆزی دووشەممە لە دیداری «فەیسەڵ میقداد» وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا لە تاران، وێڕای پێداگرتن لە سەر بەرخۆدان و ڕاوەستانی گەلی گەورەی سووریا لە بەرامبەر ناحەزان و دوژمنان وتی: بە دڵنیاییەوە سووریا ڕۆڵێکی کاراو دیاریکەری لە بەرەی خۆڕاگری دا ھەیەو بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵەش بە ئاسانی مسۆگەر نەکراوە. 

 ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی  ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندییەکانی ئێران و سووریا وتیشی: پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو پتەوتر بووەتەوەو بە گرتنی بڕیاری ستراتژیانەش دەتوانرێ لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکان کاریگەرترو قوڵتر بەردەوام بێت.

«فەیسەڵ میقداد» وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریاش وێڕای پێداگرتن لە سەر ڕۆڵی بایەخمەندی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ داکۆکی کردنی لە گەلی سووریا وتیشی: ئێران و سووریا پەیوەندییەکی قوڵ و ھەرە بەربڵاویان لە بواری جۆربەجۆری ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی ھەیە.

«فەیسەڵ میقداد» ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی کرد لەمەڕ دیاری کردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و نەتەوەکانی ئێران و سووریا و پێی داگرت: ئێران بە ڕابەرایەتیی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕۆڵێکی کارا لە ناوچەکەدا دەگێڕێت.

«فەیسەڵ میقداد» لە یەکەم گەشتی خۆی دا وەک وەزیری دەرەوەی سووریا ڕۆژی ڕابردوو گەییشتە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرپەیڤ