کانونی یه‌که‌م 11, 2020 20:03 Asia/Tehran
  • بانگ کرانی باڵوێزی تورکیا لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی بانگ کرانی باڵوێزی تورکیا لە تارانی کرد وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە وتەکانی دەستوەردەرانەو پاساھەڵنەگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەردانەکەی بۆ باکوو.

«سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ھەینی باڵوێزی تورکیا لە تاران لە لایەن ھاریکاری وەزیرو بەڕێوەبەرگشتیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی ئوراسیا، بانگ کراو وێڕای پێڕاگەیاندنی ئەوپەڕی ناڕەزامەندی، ئاگادار کرایەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری ڕوونکردنەوەی خێرای دەوڵەتی تورکیایە لەم بارەیەوە.

خەتیب زادە وتیشی: لە ڕەوتی ئەم بانگ کردنەدا، باڵوێزی تورکیا لەوە ئاگادار کرایەوە کە لە مێژە سەردەمی بانگەشەی خاک و کەڵکەڵەی ئەمپرتۆرییە شەرخوازو پاوانویستەکانی بە سەر چووە.

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: ئەوە بۆ باڵوێزی تورکیا دووپات کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی دەستوەردان لە دسەروەریی خاکی وڵاتەکەی بە کەس نادات و وەک چۆن مێژووە پڕ لە شانازییەکەشی ئەوەی سەلماندووە، لە بارەی ئاسایشتی نیشتیمانیی خۆیەوە تۆسقاڵێکیش کەمتەرخەمی نانوێنێ.

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی پێنج شەممە بۆ بەشداری کردن لە ئاھەنگی مەسیرەی سەربازیی ھێزەکانی کۆماری ئازەربایجان بە بۆنەی ڕزگار کرانی ئەو ناوچانەی کە بە ھۆی ئەرمینیاوە داگیر کرابوو، سەردانی باکووی کرد بوو.

ئەردوغان لەو ئاھەنگەدا کە «ئیلھام عەلی ئێف» سەرۆک کۆماری ئازەربایجانیش ئامادەی بوو، دێڕێک ھەڵبەستی جیایی خوازانەی لە بارەی چۆمی ئاراسەوە لە سنووری نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان خوێندەوە.

سەرپەیڤ