کانونی دوھەم 13, 2021 11:49 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : کۆتایی ھاتنی دەوڵەتی ترەمپ ئەوەی ئاشکرا کرد کە ملھوڕی دەرەنجامێکی خێری نابێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆتایی ھاتنی دەوڵەتی «دۆناڵد ترەمپ» لە ئەمریکا بە سەرشۆڕی و ڕیسوایی ئەوەی دەرخست کە ملھوڕی، ڕەگەزپەرستی و پێشێلکردنی یاسا دەرەنجامێکی خێری نابێت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت دا وێڕای وەبیرھێنانەوەی ساڵگەڕی ھەڵاتنی «شا»ی لەنێوچووی ئێران لە ١٦ی ژانویەی ١٩٧٩ بە ڕووداوێکی وەک کۆتایی دەوڵەتەکەی «ترەمپ» لە ئەمریکا وتیشی: ھەڵاتنی شای گۆڕبەگۆڕی ئێران ھێمایەک بوو بۆ ڕیسوایی و کۆتایی ھاتنی ملھوڕایەتی و کۆڵۆنیالیستی بیانی لە ئێران داو ئەمڕۆکەش جیھان دیاردەیەکی دەگمەنی ڕوخانی کەسێکی سەرەڕۆو ملھوڕی دیکە لە ئەمریکادا بە خۆیەوە دەبینێت.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە بە درێژایی سێ ساڵی ڕابردوو جەماوەری پشوودرێژی ئێران لە بەرامبەر دەوڵەتی تیرۆریستی ئەمریکادا خۆڕاگرییان نواند، وتیشی: ئەم ڕۆژانە کۆتایی ھاتنی دەوڵەتێک نابینین، بەڵکو شکست ھێنانی سیاسەتێک، واتە سیاسەتی «ئەوپەڕی گوشار» دژی گەلی مەزنی ئێران دەبینین.

ڕۆحانی وتیشی: لە کۆتایی سێ ساڵ شەڕ، توندوتیژی و کرداری تیرۆریستی، باری ئابووریی ئێران باشتر بووەو سەرباری تەواوی تەنگژەو گوشارەکان و ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئابووریی وڵات ڕەوتێکی ئەرێنیی ھەیە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جەختی لەوەش کردەوە کە، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارو تیرۆریزمی ئابووریی ئەمریکا بەرەڕووی شکست ھێنانی یەکجاری بووەتەوەو گەڵاڵەکارانی وەھا سیاسەتێکیش خەریکی ڕوخان و ھەڵدێرانن.

سەرپەیڤ