شوبات 03, 2021 01:14 Asia/Tehran
  • پیرۆزبایی بە بۆنەی ساڵگەڕی لەدایک بوونی حەزرەتی «فاتیمەی زەھرا (س)»

ئەمڕۆ چوارشەممە پانزەھەمی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی کۆچیی ھەتاوی ڕێککەوت لەگەڵ بیستەمی جمادیۆسانیی ساڵی ١٤٤٢ی کۆچیی مانگی، ھاوتەریب لەگەڵ سێھەمی فڤریەی ساڵی ٢٠٢١ زایینی ساڵگەڕی لە دایک بوونی متفەڕکی حەزرەتی «فاتیمەی زەھرا (س)» کچی پێغەمبەری سەردار(ص)ــه‌.

حەزرەتی «فاتیمەی زەھرا(س)»کچی خۆشەویستی پێغەمبەری سەردار(ص)و ھاوسەری ئەمیری موئمینان ئیمامی عەلی(ع) ئیمامی یەکەمی شێعەکانی جیھان، بیستەمی جمادیۆسانیی ساڵی ھەشتەمی بەرلە ھیجرەت لە دایک بوو.

ئەم خاتوونە مەزنە ھەر لە ھەڕەتی منداڵییەوە لە ماڵی وەحی بە ھۆی ڕێشاندانەکانی باوکی بەڕێزی واتە  پێغەمبەری سەردار(ص) بە باڵاترین پلەوپێگەی کەماڵ و ئەفراژ بوون زانست و فەزیلەت گەییشت.

کچی خۆشەویستی پێغەمبەری سەردار(ص) ھەروەھا لە مەکۆی گەرم و گوڕی ماڵی ئیمامی عەلی(ع) بە باشترین شێوە دەستی کرد بە ڕاپەڕاندنی ئەرکی ھاوسەرداری و دایکایەتی و مرۆڤگەلێکی گەورەوپاکی وەک ئیمامی حەسەن(ع) ئیمامی حسەین(ع) و حەزرەتی زەینەب(س) لە داوێنی خۆی دا پەروەردە کرد.

حەزرەتی «فاتیمەی زەھرا(س)» لە ھەموو ڕوویەکەوە ھێماو سەرمەشقی ئافرەتانی جیھان جیھان دێتە ئەژمارو ڕۆژی لەدایک بوونی لە ئێراندا وەک ڕۆژی «دایک» و ڕۆژی «ژن» ناودێری کراوەو ئا لەم ڕۆژەدا لە پلەوپایەی ئافرەتان بە تایبەت دایکان ڕێز دەگیرێت.

ماڵپەڕو کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردیش گەییشتنی ساڵگەڕی لە دایک بوونی متفەڕکی حەزرەتی «فاتیمەی زەھرا (س)» کچی خۆشەویستی پێغەمبەری سەردار(ص) کە ڕێککەوتیشە لەگەڵ ساڵگەڕی لەدایک بوونی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێرن لە ھەموو موسڵمانان پیرۆز دەکات.

 

سەرپەیڤ