جەختی ئێران و عێراق لە سەر قوڵ کردنەوەو پەرە پێ دانی پەیوەندییەکان
سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەر قوڵ کردنەوەو پەرە پێ دانی پەیوەندییە دووقۆڵیبەکان پێیان داگرت.
«موحەممەد باقڕ قاڵیباف»ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق لە تاران وتی: ئێران و عێراق لە پەیوەندی دوو لایەنەوھاوکاریی ناوچەیی گەلێک شوێندانەرن،پەیوەندییەکانی دوووڵات قوڵ و کاریگەرو مێژووییەو جەماوەری ئێران و عێراق لە بەر بیروباوەڕە کلتووری و ئایینییەکانیان و دراوسێ بوونی ھەردووک وڵات بە درێژایی مێژوو ھۆگرو دڵبەستووی یەکترن.
وتیشی: ئێمە لە ڕەوتی سیاسیی عێراق و سەروەریی خاکی ئەم وڵاتەو لە ئامادە بوونی عێراق لە ھاوکێشە ناوچەییەکان داکۆکی دەکەین و لەو باوەڕەشداین کە عێراق قورساییەکی گرینگە لە ھەڵس و کەوتی سیاسی و ئابووریی ناوچەکەدا.
سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە بەشێکی تری قسەکانی دا وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیھان، وتیشی: ھۆکاری سەرەکیی گرفتەکانی ئێستا بۆ ئامادە بوونی سەربازی و دەستوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە.
سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وتیشی: بێ گومان ئامادە بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە ھیچ یارمەتییەکی سەقام و چەسپێندرانی ئاسایشت لە عێراق و ناوچەکە نادات.
«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە دیدارەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بە مێژووی کۆنی پەیوەندییەکانی ھەردووک گەلەکە، وتی: پەرە پێ دانی پەیوەندیی ھەمەلایەنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکو وڵاتێکی شوێندانەرو گرینگ لە ناوچەکەو جیھان، بۆ دەوڵەت و نەتەوەی عێراق گرینگایەتییەکی تایبەتی و بەرفراوانی ھەیە.
وتیشی: پەرە پێ درانی ھاوکاریەکانی ئێران و عێراق لە بواری جۆربەجۆرو لە ئاستی دوولایەنە، ناوچەیی ونێونەتەوەیی لە ڕووی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات ڕۆڵێکی کارای ھەیە.