شوبات 12, 2021 15:08 Asia/Tehran
  • ئیمام جومعەی شاری مەھاباد: دەستەڵاتی بەرگریکارانەی وڵاتەکەمان جێگای شانازییە

ئیمام جومعەی مەھاباد ڕایگەیاند: دەستەڵاتی بەرگریکارانەو بەرەڤانیی ئاسمانیی ئێران جێگای شانازییەو ئاسایشتی بۆ وڵات بەدیاری ھێناوە.

مامۆستا «عەبدۆسسەلام ئیمامی» لە خوتبەکانی نوێژی ھەینیی ئەم حەوتەیەی مەھاباد وێڕای ئاماژە کردن بە ساڵگەڕی بوردومانی مەھاباد لە ساڵی ١٣٦٥ی کۆچیی ھەتاوی لە لایەن ڕژێمی بەعسی سەددامەوە، وتیشی: کاتێک کە وڵاتەکەمان لە ڕووی بەرگریی ئاسمانیەوە دەستەڵاتی ئێستای نەبوو، فڕۆکەکانی وڵاتانی بیانی بە ھەر بیانوویەکەوە سنووری ئاسمانیی وڵاتیان دەبەزاندو بە بوردومان کردنی ناوچە جۆربەجۆرەکان کۆمەڵێکی زۆر لە ھاووڵاتیانیان قەڵاچۆ دەکرد. بەڵام لە ئێستادا لە سای پێشکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و ھەوڵی لاوانمان، ھێزو دەستەڵاتی سەربازری و بەرگریکارانەی وڵات لە ھەل و مەرجێکدایە کە دوژمنان ناوێرن بیر لە پەلاماردانی خاکی وڵاتەکەشمان بکەنەوە.

مامۆستا «عەبدۆسسەلام ئیمامی» ئیمام جومعەی شاری مەھاباد وێڕای ستایش کردنی بەشداریی خەڵک لە ڕێپێوانی مەجازی و بەماتۆڕلە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: جەماوەری ئێمە ئەوەیان دەرخستووە کە لە ھەرکوێڕا ئامادە بوونیان پێویست بووە بە باشترین شێوە ھاتوونەتە مەیدان و داکۆکیی خۆیانیان لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووەو دیارە بەرپرسانیش دەبێ ئاگایان لەوە بێت و لە ئاراستەی تەناھی و چارەسەریی گرفتی خەڵک ھەنگاوی پێویست ھەڵگرن.

سەرپەیڤ