یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران : ھیچ پەیامێکمان لە بارەی کشانەوە لە سوریا پێنەگەیشتووە
یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی : ئامادەبوونی ئێران لە سوریا لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی ئەم وڵاتەیە و ھیچ پەیامێکمان بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانمان لەم وڵاتە پێنەگەیشتووە .
عەلی ئەسغەر خاجی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیمانەیەک دا لە گەڵ ھەواڵدەریی سپۆتنیک ی روسیا لە بارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئێران لە سوریا گوتیشی : تاران ھیچ پەیامێکی بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانی لە سوریا وەرنەگرتووە و ئێمە لەسەر داوای حکومەتی سوریا لەوێین و ئەم ئامادەبوونە تا کاتێک کە خەڵک و گەلی سوریا بیانھەوێ ، درێژەی دەبێت .
ئەم دیپلۆماتە پایەبەرزەی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە کەسانێک دەبێ خاکی سوریا بە جێبھێڵن کە بە نایاسایی ھاتوون و ناوچەکانی ئەم وڵاتەیان داگیر کردووە ، جەختی کردەوە : ناوچەکانی سوریا دەبێ لە ژێر دەسەڵاتی نیشتمانیی و حکومەتی سوریادابن کە ئاسایش لەوێ یەکانگیر دەکات .
ناوبراو لە بارەی پەلامارە یەک بەدوای یەکەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر ناوچەکانی جێگیربوونی ھێزەکانی ئێران و حزبوڵڵا لە سوریا گوتی : ماکی رژێمی زایۆنی لە سەرەتای دامەزرانیەوە دژبەرانە و ستەمکارانەیە و شێواز و رێبازی ، دژی گەلی فەلەستین و وڵاتانی دراوسێ بووە .