ئادار 18, 2021 07:04 Asia/Tehran
  • زەریف: جیھانی ئیسلام پێویستی بەوەیە کە توندئاژۆیی لە ناخی خۆی دا بنەبڕ کات

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: جیھانی ئیسلام پێویستی بەوەیە کە توندئاژۆیی لە ناخی خۆی دا بنەبڕ کات و بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و ھاوتەریب بەگژ ئەو کەسانەش دا بچێتەوە کە ئایدۆلۆژی و ھزری بێزلێکراوی تەکفیری ھەناردە دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە کۆبوونەوەی باڵای ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی کە ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەیەکی ئۆنلاین و بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسی ئیسلام ترسێن کردن لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو، «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران وەکو یەکەم وتاردەری ئەم بەشە، ھەڵوێستی ئێرانی لە بواری ئیسلام ترسێن کردن و پێویستیی بەرنگاربوونەوەی جیھانیی ئەم دیاردەیە شی کردەوە.

ناوبراو لە لێدوانەکەی دا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئامانجەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لەوانە لە بواری بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوژینیی ئاشتیانەو ھان دان بۆ دیالۆگی نێوان ئایین و کلتوورەکان وەکو میکانیزمگەلێکی کاراو بایەخمەند لە بواری ھەموو جۆرە ڕەگەزپەرستی، بیانی بەزاندن، ئیسلام ترسێن کردن، توندئاژۆیی و ڕقی ئایینی ڕەوتی ڕوولەپەرەی کەم تاقەتی و قەبووڵ نەکرانی ئیسلام و موسڵمانان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیھانی بە ئالێنگارییەکی جێگای نیگەرانی ھێنایە ئەژمار.

«موحەممەد جەواد زەریف» وێڕای ھێنانە ئارای ئەم بابەتەی کە بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو ڕەوتی میدیایی زۆر لە ڕۆژئاوادا دژی موسڵمانان سەری ھەڵداوە ، وتیشی: لە ئێستادا کاتی ئەوە گەییشتووە کە ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بڵاوکردنەوەی ڕق و بێزاری و کرداری توندوتیژ دژی موسڵمانان ئیدانە بکەن و ھەنگاوی پێویست بۆ پێشگرتن بە پێشێلکرانی سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤی گەلانی موسڵمانان ھەڵگرن. لە بەرامبەر دا پێویستە ئوممەتی ئیسلامیش بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئیسلام ترسێن کردن بە تایبەت دیاردەگەلێکی وەک قەدەغەی گەشتی موسڵمانان و بەکارھێنرانی ھێما ئیسلامییەکان و ھەروەھا بەکاربرانی وشەگەلێکی قیزەونی وەک «تیرۆریزمی ئیسلامی» ھەڵوێستێکی ھاوبەش وەربگرن.

لەم دانیشتنەدا کە بە پێشنیاری ئێران و لەپاش ڕەزامەند بوونی ئەندامانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی بەڕێوە چوو، جیا لە وڵاتانی ئیسلامی کۆمەڵێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاواش بەشدارییان تیادا کرد بوو.

سەرپەیڤ