ھاتوچۆ لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق ڕاگیردرا
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری سنووریی وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی ڕاگیردرانی ھاتوچۆی خەڵک لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراقی کرد.
«حسەین قاسمی» بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری سنووریی وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕاگیرانی ھاتوچۆ لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق ھەتا چوارەمی ئاپریلی ٢٠٢١ «١٥ خاکەلێوەی ١٤٠٠» وتیشی: ئەم بڕیارە بە پێی داخوازیی وەزارەتی تەندروستی و دەرمان و فێرکارییە پزیشکییەکان و بڕیاری بنکەی نیشتیمانیی بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا دراوە.
حسەین قاسمی وتیشی: دوای پەرەسەندنی نەخۆشیی لە پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران و ڕاگەیاندنی «سەعید نەمەکی» وەزیری تەندروستی لە بارەی ئەمەی کە کۆرۆنای ئینگلیزی لە وڵاتی عێراقەوە ئاودیوی پارێزگای خوزستان کراوە، داوای ڕاگیرانی ھاتوچۆ لە سنوورە ھاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ عێراق کراو ھاتوچۆ بەرتەسک بووەوە. بەم پێیە ھاتوچۆی زیارەتکارنیش ھەر ڕاگیراوە.
بۆ بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای خوزستان لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە تەگبیرێکی بەربڵاو کراوە لەوانە چاودێری کردنی زیاتر لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق.