ڕۆحانی: ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە بارەی گۆڕانکارییەکانی فەلەستینەوە با ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕێت
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە سەر ڕۆڵی چالاکی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە فەلەستین پێی داگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «شێخ تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئالی سانی» میری قەتەر، وێڕای پیرۆزکردنی جەژنی ڕەمەزان لە دەوڵەت و نەتەوەی ئەو وڵاتە و پێشوازی کردن لە ھەڵوێستی قەتەر لەمەڕ ئیدانەکردنی ھەنگاوەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایونی لە مزگەوتی ئەقساو ھێرشی توندو دڕندەکارییەکانی ئەو ڕژێمە دژی غەززە، وتی: وا ھەڵدەگرێ وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەرەڤانی کردن لە جەماوەری فەلەستین و ئازادیی ئەو وڵاتەو بەرنگار بوونەوەی دەست درێژکاری و ھەنگاوەکانی دوژمنکارانەو ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی زایونی، پێکەوە ھاوکاری بکەن.
ڕۆحانی وێڕای ئاماژە کردن بە ڕەوشتی یەمەن و بە دەربڕینی ئەمەش کە قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نەبووەو نییەتی، لە سەر پێویستیی ھاوکاری و ھەوڵدان بۆ چارەسەریی قەیرانی ئنەو وڵاتە پێی داگرت و ھیواداری دەربڕی کە ئامانجی ئاشتیانە بە تەوەرەو پێشەنگایەتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ دامەزرانی ئاشتی و ھێمنایەتی لە یەمەن بە ئەنجام بگات.
«شێخ تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئالی سانی» میری قەتەریش لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا وێڕای پیرۆز کردنی جەژنی ڕەمەزان لە دەوڵەت و نەتەوەی ئێران، ستایشی ھەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد لە بارەی گۆڕانکاری و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی فەلەستینەوەو وتی: قەتەر لە ئیدانەکردن و پێ و شوێنگرتنی ھەرچی خێراتری ھێرشی سەر فەلەستینییەکان لەگەڵ ئێراندا ھاوڕایەو خوازیاری ڕۆڵگێڕانی کاریگەری ڕێکخراوەی کۆنفرانی ئیسلامی لەم پەیوەندییەدا.