May 24, 2021 17:23 Asia/Tehran
  • بە فەرمی بوونی سنووری سەیرانبەندی بانە و هاتوچۆی موسافیر دەستی پێکرد

قایمقامی بانە وتی: پاش بەفەرمی بوونی دەروازەی سنووریی سەیرانبەندی بانە و بەستنی گرێبەست لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق، هاتوچۆی موسافیر لەم سنوورەوە دەستی پێکرد.

بە پێی هەواڵی مێهر، ئیسماعیل ڕوستەم پوور لەم بارەوە وتی: لە سەفەری شاندی عێراقی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی پێشوو، بەستێنی پێویست بۆ دامەزراندنی سیستەم و کرانەوەی سنووری سەیرانبەند دابین کرا.

ئەو وتیشی: تا ئێستا بە لە بەرچاو گرتنی خاڵە تەندروستییەکان، لە چەند قۆناغدا موسافیر لەم سنوورەوە هاتوچۆیان کردووە و ئەو کەسانەی دەیانەوێ لەم سنوورە بپەڕنەوە دەبێ مۆڵەت لە پۆلیسی بەرپرسی پاسپۆرت کە لەو سنوورەدا ئامادەن، وەربگرن.

روستەم پوور ڕایگەیاند: هەموو قۆناغەکانی هاتوچۆی موسافیر کە لە سنوورە فەرمییەکانەوە ئەنجام دەبێت، لەم سنوورەش بەڕێوە دەچێت و پشکنینی کۆرۆناش بۆ هەموو موسافیرەکان دەکرێت.

ناوبراو باسی نزیکایەتی پێوەندی فەرهەنگی دانیشتوانی پارێزگەی کوردستان و هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد و وتیشی: ئەم پێوەندی و نزیکایەتییە بەستێنی سەرمایەدانان لە بەشە جۆربەجۆرەکان دابین دەکات و گەشەی گەشتیاری و هەلی کاری بەدواوە دەبێت.

سەرپەیڤ