حوزه‌یران 16, 2021 15:39 Asia/Tehran
  • ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران: ھەڵبژاردن ھێمای دەستەڵاتی نیشتیمانی و ھۆکاری بنەمایی پێشکەوتنی ھەمەلایەنەی وڵاتە

ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەک دا وێڕای بانگێشتنی گەلی ئێران بۆ بەشداریی بەربڵاو لە ھەڵبژاردنەکانی بەردەم، جەختی کرد:ھەڵبژاردن ھێمای دەستەڵاتی نیشتیمانی و ھۆکاری بنەمایی پێشکەوتنی ھەمەلایەنەی وڵاتە.

ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەک دا وێڕای بانگێشتنی تاک بە تاکی گەلی بوێری ئێرانی ئیسلامی بۆ بەشداریی شکۆمەند و وریایانە لە سیانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران جەختی کردووە، بەشداریی زۆرینەو ھاوکات لە سەر ھەستی خەڵک لە ھەڵبژاردن و چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگ دان لە ھەڵژاردنەکەی ڕۆژی ھەینی ٢٨ی جۆزەردان، لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیە لە مێژووی شۆڕشی ئیسلامی داو وەکو ھۆکارێکی بەرپەرچدەر لە ھەمبەر پیلانی نەگریس و شەیتانیی دوژمنانی ئێرانی ئیسلامی و ھۆکارێکی کاریگەر بۆ دابین کردنی ئاسایشتی پاوەجێ و بەرنگار بوونەوەی شەڕی ئابووری و بایکۆتی ملھوڕانەو چارەسەریی گرفتە جۆربەجۆرەکانی وڵات دێتە ئەژمار.

ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە لە بەیاننامەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بەو سناریۆ ئاڵۆزانەی کە بۆ شێواندنی کەشی کۆمەڵگا داڕێژراون، ڕاشیگەیاندووە: دوژمنانی گەلی ئێران بە شەڕی میدیایی و داڕشتنی بەرنامەی فریودەرانەی ئۆپراسیۆنی دەروونی بە نیازی بۆشایی دروست کردن لە نێوان حکومەت و خەڵک و خەوشاندنی متمانەی جەماوەر و بە دیاری کراوی ھیوابڕاو کردن و دابەزاندنی ئاستی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی بەردەمن، بەڵام دیارە گەلی ئێرانی خەباتکارو ھەمیشە لە سەر ھەست و تێگەییشتووی ئێرانی ئیسلامی بە بەشداری لە ھەڵبژاردن، نەیارانی نێوخۆیی و دەرەوەیی و نیزامی شەیتانی و ئیستیکباری توشی شکستێکی پڕ لە سوکایەتی دەکەن.

ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆتایی بەیاننامەکەی دا، ھەڵبژاردنی شکۆمەندو لە سەر ھەستی لە سەر بنەمای بایەخە نیشتیمانی و شۆڕشگێڕانەکان بە ھۆکاری گەشانەوەی ئێران و خێرا بوونی ڕەوتی گەشەی ھەمەلایەنەی وڵات و بوارە ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، زانستی، بەرەڤانی و ئاسایشتییەکان زانیوە.

سەرپەیڤ