حوزه‌یران 18, 2021 09:13 Asia/Tehran
  • وەزیری نێوخۆ: دەنگی خەڵک دەبێ بە باشی بپارێزرێت

وەزیری نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: دەنگی خەڵک دەبێ بە باشی بپارێزرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، «عەبدۆڕڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی» وەزیری نێوخۆی ئێران ڕۆژی ھەینی ھیواداری دەربڕی کە بەرپرسانی کارگێڕو  چاودێرانی ھەڵبژاردن ئەرکی خۆیان لە ڕووی پاراستنی ئامانەتی خەڵک کە ھەمان دەنگەکانیانە بە باشی بەجێ بێنن و ھەڵبژاردنێکی یاسایی ، ساغ و لەوپەڕی ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوە بەرن.

«ڕەحمانیی فەزڵی» لەبنکەی ھەڵبژاردنەکانەوە وتیشی: بەرپرسانی کارگێڕو  چاودێرانی ھەڵبژاردن لە ٦٦ ھەزار بنکەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی و زیاتر لە ٧٥ ھەزار بنکەی ھەڵبژاردنی شارودێ جێگیرن و بە پێشوازی کردن لە خەڵک لەمەڕ وەرگرتنی دەنگەکانیان چالاکی دەنوێنن ھەتا بتوانن لەوپەڕی ئاسایشت و ساغمەندییەکی تۆکمەوتەواودا ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

وەزیری نێوخۆی ئێران وتیشی: بە سەرنجدانی ئەمەی کە دەنگی خەڵک ڕەنگدانەوەی خواستیان لە مەڕ گواستنەوەی دەستەڵات و بەڕێوەبەرایەتیی ئێرانە، دەبێ بەباشی پارێزگاریی لێ بکرێت و شاندەکانی چاودێری بەباشی ئەم کارە ئەنجام بدەن.

لە ئێستادا لە ئێرانی ئیسلامی سیانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی، شەشەمین خولی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی شارودێ و ھەڵبژاردنی نێواندەورەیی پێنجەمین خولی مەجلیسی خوبرەکانی ڕابەری و ھەروەھا ھەڵبژاردنی نێواندەورەیی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامی خەریکە بەڕێوە دەچێت.

سەرپەیڤ